رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، دەبێت بانکی ناوەندیی عێراق هەوڵی زیاتر بدات لە کۆنترۆڵکردنی مامەڵەی دۆلار لەلایەن بانکە بازرگانییەکانییەوە، تاوەکو خۆیان بپارێزن لە هەر سزایەکی نوێ، کە رەنگە بەهۆی ئەو مامەڵانەوە لەلایەن ئەمریکاوە رووبەڕوویان بکرێنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 14ی ئەیلوولی 2023، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە: "سەرەڕای رێکارەکان، هێشتا هەندێ بانک هەن بەشێوەیەک مامەڵە دەکەن کە پێویستیان بە راستکردنەوە هەیە."
لە مانگی تەممووزی رابردوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سزای بەسەر 14 بانکی بازرگانیی عێراقدا سەپاند، بە گوێرەی سزاکە بۆیان نییە مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن.
لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری داهاتی نەوتی عێراق لەنێو بانکەکانی ئەمریکادایە، عێراق پشتی بە نیازپاکی واشنتن بەستووە تاوەکو دڵنیابێت لەوەی داهات و پارەی یەدەگی عێراق رووبەڕووی سزای ئەمریکا نەبێتەوە.
ئەم هۆشداریەی ئەمریکا لەدوای ئەوە دێت کە رۆژی 12ی ئەیلوول، ئێلیزابێس رۆزنبێرگ، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە بەغدا و رۆژی چوارشەممە، 13ی ئەیلوول لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لەو کۆبوونەوەیەدا، تاوتوێی هاوئاهەنگی و هاوبەشیی نێوان دامەزراوە داراییەکان لە عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کرا، لەگەڵ رێوشوێنەکانی حکومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی چاکسازییە دارایی و بانکییەکان بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی بە هەموو شێوەکانییەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوودانی بەو بەرپرسە ئەمریکییەی راگەیاندووە: "چاکسازییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی سپیکردنەوەی پارە، چارەسەرکردنی بازرگانی گوماناویی و سنووردارکردنی گەندەڵی. هەروەها حکومەت هەنگاوی گەورەی ناوە لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی لە دامەزراوە داراییەکاندا لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا."
لە بەرامبەردا، رۆزنبێرگ ستایشی هەنگاوە گەورەکانی حکومەتی عێراقی کرد لە بواری چاکسازیی دارایی و بانکیدا، کە یارمەتیی عێراق دەدات بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووری و بەهێزکردنی بەرنامە و پلانەکانی لە بواری پەرەپێدانی بەردەوام.
لە دوای کۆبوونەوەکە، ئەو بەرپرسەی ئەمریکا، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە هەنگاوەکانی واشنتن لە مانگی تەممووزی رابردوو، لەسەر بنەمای ئەو مامەڵە داراییە نایاساییانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بووە، کە چاودێریی کردوون، لەنێویان سپیکردنەوەی پارە، بەرتیلدان، ساختەکاریی و بەزۆر وەرگرتنی پارە، ئەمە بێجگە لەوەی ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەداوە ساختەکاری و رێکاری خۆدزینەوە لە سزاکانی سەر ئێران، بەشێکن لەو مامەڵانەی بانکە بازرگانییەکانی عێراق پێی تۆمەتبارکراون.
لە دوای سزاکانی ئەمریکا بەسەر 14 بانکەکانی عێراقدا، پارێزگاری بانکی ناوەندی عیراق رایگەیاند وڵاتەکەی پابەندە بەوەی رێکارەکانی تووندتر بکات تاوەکو رێگە بە قاچاخچیکردن بە دۆلار بگرن.
عێراق خاوەنی زیاتر لە 70 بانکی تایبەتە و لەو ژمارەیەش سێ یەکی ئەو بانکانە ئێستا لە لیستی رەشی حکومەتی ئەمریکادان.
لەبارەی ئەو بانکانەوە، ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا دەڵێت: "سەرنجمان لەسەر بانکەکانە، چونکە، ئەو بانکانەی هێشتا دەستیان کراوەیە، مەترسیان لەسەرە. ئەوە کارێکی گرنگ دەبێت ئەگەر بانکی ناوەندی، ئەم پرسە راستەوخۆ تاوتوێ بکات، تاوەکو پێویست نەکات، هیچ رێکارێکی دیکە بگیرێتەبەر".
ئەو بەرپرسەی ئیدارەی بایدن، رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە لە تشرینی یەکەمی 2022وە ئەو پۆستەی گرتووەتە دەست، هاوکارێکی باش بووە و پێشەڤەچوونیشیان هەبووە لەو پرسەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ