ئەرمینیا و ئازەربایجان ئاگربەستیان راگەیاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئاگربەستێکی شکستخواردوو بۆ وەستاندنی یەکێک لە خوێناویترین شەڕەکانی نێوانیان لە ساڵی 2020ـەوە، ئەرمینیا و ئازەربایجان ئاگربەستێکی دیکەیان راگەیاندەوە.
ئارمێن گریگۆریان، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەرمینیا رایگەیاند، ئاگربەستەکە رۆژی چوارشەممە، کاژێر 08:00ـی شەو بە کاتی نێوخۆ (کە دەکاتە کاژێر حەوتی ئێوارە بە کاتی هەولێر) چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پشتر لە رۆژی سێشەممە ئاگربەستێک بە نێوەندگیریی رووسیا راگەیێندرا، بەڵام هەر زوو شکستی هێنا. حکومەتی ئازەربایجان هیچ راگەیێندراوێکی دەستبەجێی لە بارەی ئاگربەستکەوە نەبوو.
بەپێی دوایین ئامارەکان، لە شەڕەکەی رۆژی دووشەممەدا، 50 سەربازی ئازەربایجان و 105ـی ئەرمینیا کوژران، ئەوەش بە خوێناویترین پێکدادان دێت لە دوای شەڕەکەی ساڵی 2020 لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ کە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەیە هەردوو وڵات ناکۆکییان لەسەری هەیە.
حکومەتی ئازەربایجان ئاماژەی بەوە کردووە، ئامادەیە تەرمی ئەو سەربازانەی کوژران بگەڕێنێتەوە بۆ ئەرمینیا.
هاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەرکۆنەی ئەرمینیا دەکات لەبارەی پێکدادانەکانیان لەگەڵ ئازەربایجان و دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە بەرئەنجامی بۆ ئەرمینیا دەبێت کە رێزی لە رێککەوتنەکە نەگرتووە."