محەممەد شیاع سوودانی سەردانی لەندەن دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بە رووداوی راگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چەند مانگی داهاتوو سەردانی لەندەن دەکات و بڕیارە چەندین رێککەوتننامە واژۆ بکرێت. 
 
شەوی پێنجشەممە، 15-08-2024 بەرنامەی بێستوون تۆک-ی رووداو پەخشکرا، ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق مێوان بوو و لە وەڵامی پارێزەرێکدا کە حکومەتی ئێستای بەریتانیا چۆن سەیری سیاسەتەکەی دەکات لەبارەی شۆڕشی 20 و تا چەند کاریگەری بەسەر پەیوەندییەکانی ئێستای عێراق- بەریتانیا هەیە رایگەیاند، کە ئێستا لەنێوان هەردوو وڵات پەیوەندی هاوبەشیان هەیە.
 
لە وەڵامی ئەو پارێزەرەدا ستیڤن هیچن گوتی: "بوارم بدە سەرەتا وەڵامی پرسیارەکە وەکو مێژوونووسێک بدەمەوە و پاشان وەکو دیپلۆماتێک. وەکو مێژوونووس، پێموایە ئەو ماوە زەمەنییە، ماوەی پادشایی لە عێراق و هەروەها مانداتی بەریتانی زۆر شت هەن شانازییان پێوە بکەین، وەکو ژێرخان، وەکو یاساکان، مۆزەخانە، پرد و رێگەوبان، شتی دیکەی وەکو وەبەرهێنان لە وڵاتەکە."
 
"بەڵام کاردانەوە لە هەمبەر هەژموونی بەریتانیا لە وڵاتێکی دیکەی وەکو عێراق، بە دڵنیاییەوە ئەم هەژموونە بەریتانییە بووەتە مایەی بێزاری و جووڵاندنی هەستی نیشتیمانی و سەری کێشا بۆ شۆرش، بۆیە من شانازی بە تۆماری باپیرانمەوە ناکەم لەم رووەوە، چونکە لە دیدگایەکی ئەخلاقییەوە ئەو هەژموونە بەریتانییە کارێکی دروست نەبوو، بۆیە ئێمە لەو رووەوە هەڵگری هەمان بەهای باپیرانمان نین." باڵیۆزی بەریتانیا وای گوت.
 
ستیڤن باسی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق کرد و گوتی: "سوپاس بۆ خوا ئێستا چووینەتە سەردەمێکی نوێوە لە پەیوەندیی دووقۆڵی، هاوبەشییەکی هاوسەنگ و یەکسانە و لەسەر رێزگرتنی دوولایەنە دامەزراوە."
 
بەریتانیا دەیەوێ لەگەڵ عێراق پەیوەندییەکانی فراوان بکات و باڵیۆزەکەی لە عێراق رایگەیاند: "ئێمە دەمانەوێ ئەم پەیوەندییە بەرینتریش بکەین و لەو بەردی بناغەیەوە کە ئارامی و ئاسایشە، هەنگاو بەرەو بازرگانی و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ماددەی هۆشبەر و شتە هاوبەشەکان بنێین. ئێمە هاوبەشیمان دەوێ و پێموایە محەممەد شیاع سوودانیش هەمان ئامانجی هەیە. پشتیوان بەخوا لە چەند مانگی داهاتوودا سەردانی لەندەن دەکات و هەندێ رێککەوتننامە واژۆ دەکەین."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە