گوگڵ: ئێران هەوڵی هاککردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ و هاریس دەدات
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گوگڵ دەڵێ، تیمێکی تایبەتی هاکەران کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، هەوڵی هاککردنی ماڵپەڕە تایبەتییەکانی تیمی هەڵبژاردنی بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکایان داوە.
رۆژی چوارشەممە 14ـی ئابی 2024، گوگڵ رایگەیاند، گرووپێکی هاکەر بەناوی (42APT) کە گوایە پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەیە، ماڵپەڕی کەسە ناودارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەنە ئامانج، بەتایبەتی سیاسەتڤانان و ماڵپەڕەکانی تایبەت بە تیمی هەڵبژاردنەکان.
رۆژی سێشەممە، تیمی هەڵبژاردنی کامالا هاریس رایگەیاند هەوڵی هاککردنیان لەلایەن گرووپێکی هاککەری بیانییەوە دراوە، ئەمەش لەداوی ئەوەی لەسەرەتای ئەم هەفتەیە، تیمی هەڵبژاردنی ترەمپ رایگەیاند، ماڵپەڕەکەیان هەوڵی هاککردنی دراوە.
بەرپرسێکی تیمی هەڵبژاردنی هاریس بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسای راگەیاندووە: "لە تەممووزی رابردوودا، تیمی یاسایی و ئەمنی ستافەکەمان لەلایەن ئێف بی ئایەوە ئاگادارکراینەوە بەوەی لەلایەن تیمێکی بیانییەوە کراوینەتە ئامانج. ئێمە رێکاری تووندی سایبەریمان گرتووەتەبەر و تائێستاش هیچ ئاماژەیەک نییە، کە ئەو تیمە دەستیان بە هیچ شوێنێکی سیستمەکەمان گەیشتبێت."
بەپێی راپۆرتەکەی گوگڵ؛ ئەو گرووپە هاکەرە، تائێستا سەرکەوتوو نەبوون لە هاککردنی ئەکاونتی کەسە نزیکەکانی هەریەک لە جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و جێگرەکەی کامالا هاریس، کە بەربژێری دیموکراتەکانە بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا، هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
رۆژی دووشەممە (12ـی ئاب) لەدوای راگەیێندراوی تیمی ترەمپ بۆ هاککردنی تیمەکەیان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دایە ئێران لە دەستوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا.