پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەڵمانیا: بۆ سەردانی خزمەکان چوومە ئانتالیا و دەستگیرکرام

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانتارێکی کورد - ئەڵمانی لەکاتی سەردانیکردنی خزمەکانی لە ئەنتالیا، بۆ ماوەیەک دەستگیر دەکرێت. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و وەزیری دادی تورکیا دێنە سەر هێڵ بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی ئالۆزیی نێوان هەردوو وڵات. 
 
خانمە پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەلمانیا گویگایی ئاکبولوت لەبارەی دەستگیرکردنەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ دوو رۆژ سەردانی خزمەکانم کرد لە تورکیا، لەو کاتەی لە فرۆکەخانەی ئەنتاڵیا دابەزین، پۆلیس منی دەستگیرکرد."  
 
ئاکبولوت کە خۆی کوردی باکووری کوردستانە و لە پنارباشی (قەیسری) ئاناتالۆیای نێوەڕاست لە ساڵی 1982 لەدایکبووە و لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو ئەڵمانیا کۆچیان کردووە؛ لە ساڵی 2017ـەوە کورسییەکی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیای پڕکردووەتەوە. 
 
سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەکەی، ئاکبولوت بە رووداوی گوت، "من تۆمەتبارکراوم کە لە ساڵی 2019 لە سۆشیال میدیا پۆستم بۆ پرۆپاگەندەی تیرۆر کردووي. ئەو پۆستانەش پەیوەندییان بە هێرشەکانی تورکیا لە باکووری سووریا\رۆژئاڤا هەبووە. من دامەزراوەی زانستیی پەرلەمانی فیدراڵیم راسپاردبوو بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەو هێرشانە بکەن. لە ئەنجامدا دیار بوو کە هێرشەکانی تورکیا سەرپێچیی یاساکانی نێودەوڵەتی دەکەن و ئەمەش بە دڵی رژێمی ئەردۆغان نەبوو." 
 
باس لەوە دەکرا کە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و وەزیری دادی تورکیا بۆ ئەم مژارە هاتوونەتە سەر هێڵ، ئاکبولوت دەڵێت، "کام لە کەسایەتییەکان دانوستانەکانی کردووە، بە من نەگوتراوە، بەڵام ئەو دانوستانانە لە ئاستی باڵادا بوون. بەپێی راپۆرتەکانی میدیایی، وەزیری دادی تورکیا دەستی [لە ئازادکردنی خانمە پەرلەمانتارە کوردەکەدا] هەبووە."
 
لەبارەی ئەوەی کە ئایا دەتوانێت جارێکی دیکە سەردانی تورکیا بکات و بڕیاری دەستگیرکردنی بەکوێ گەیشتووە، پەرلەمانتارەکەی پارتی چەپی ئەڵمانیا دەڵێت، "دوابەدوای دانوستاندنە سیاسییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و وەزارەتی دادی تورکیا دەستگیکردنەکە هەڵوەشێندراوەتەوە. مانگی ئۆکتوبەری ئەم ساڵ لە چوارچێوەیی شاندێکی گروپی پەرلەمانتارانی تورکی - ئەڵمانی سەردانی تورکیا دەکەم و لە کاتی گونجاویشدا لەوێش هیچ درێخی ناکەم لە قسەکردن لەبارەی زیندانییەکانی سیاسی و رەخنەگرتن لە پرۆسەکانی دادگاییەکان."