لە هەڵبژاردنەکانی کینیا جێگری سەرۆک بردیەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کینیادا، جێگری سەرۆکی پێشوو سەرکەوتنی بەدەستهێنا بەسەر رکابەرەکەیدا کە لەلایەن سەرۆکی پێشووەوە پاڵپشتی دەکرا.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کینیا راگەیێندرا. ویلیام روتۆ، جێگری سەرۆکی پێشوو هەڵبژاردنەکەی بردەوە.
 
کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کینیا رایگەیاند، روتۆ 7.18 ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە، کە دەکاتە 50.49%ی دەنگەکان. لە بەرامبەردا، رایلا ئۆدینگا، کەسایەتیی ئۆپۆزیسیۆن کە پێنجەم جار بوو خۆی بەربژێر بکات، 6.94 ملیۆن دەنگی بەدەستهێنا، واتە 48.85%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
 
هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکە 9ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو. پێش ئاشکراکردنی، ژمارەیەک ئەندامی کۆمیسیۆن کە لایەنگری ئۆدینگا بوون، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان رەتکردەوە، لە ئەنجامدا گرژی لەنێو کۆمیسیۆنەکەدا دروستبوو، ئەوەش وایکرد هێزە ئەمنییەکان بە زۆر بیانکەنە دەرەوە.
 
جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆن و سێ ئەندامی دیکە بە رۆژنامەڤانانیان گوت، قۆناخی کۆتایی ژماردنی دەنگەکان "ناڕوون" بووە و ناتوانن پەسندی بکەن.
 
جولیانا چێرێرا، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆن گوتی، "ناتوانین ئەو ئەنجامانە پەسند بکەین کە رادەگەیێندرێن."
 
کاتێک کە دەنگەدەنگ و شەڕە بۆکس دروستبوو، پۆلیس ناچاربوو بچێتە نێو هۆڵی راگەیاندنی ئەنجامەکان و ژمارەیەکیانی دوورخستنەوە.
 
لەکاتی راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکانی دەنگدانەکە، وافولا چێبوکاتی، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە گوتی، دوو ئەندامی کۆمیسیۆن بریندار بوون.
 
ئەو پەرتبوونە لەناکاوەی کۆمیسیۆن دوای ئەوە هات کە بەڕێوەبەری کاروباری ئۆدینگا رایگەیاند، "پێشێلکاری" کراوە و ناتوانن ئەنجامەکان پشتڕاست بکەنەوە بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک یان وردەکارییەک بخاتەڕوو. ئۆدینگا خۆی لە هۆڵی راگەیاندنی ئەنجامەکان ئامادە نەبوو.
 
لە وڵاتێکدا کە گرنگە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە، ئێستا خەڵکی کینیا چاوەڕێی ئەوەن بزانن ئایا ئۆدینگا جارێکی دیکە دەچێتە دادگە بۆئەوەی سکاڵا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی سێشەممە تۆمار بکات. پێدەچێت ئەمە دوا هەوڵ بێت بۆ ئەو کەسایەتییە تەمەن 77 ساڵەی ئۆپۆزیسیۆن کە ئەمجارەیان لەلایەن ئوهورو کینیاتا، سەرۆکی پێشووەوە پشتگیری دەکرێت.
 
ماکاو موتوا، گوتەبێژی ئۆدینگا لە تویتێکدا نووسیویەتی، "هەر ئەنجامێک وافوکا چێبوکاتی، سەرۆکی کۆمسیۆن رایبگەیێنێت نادروستە، چونکە هیچ رێژەی یاسایی لەنێو ئەندامانی کۆمیسیۆندا نەبووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە و دەرکردنی بڕیارێکی وەها قورس."
 
بەربژێرەکان حەوت رۆژیان هەیە بۆ تۆمارکردنی هەر سکاڵا و تانەیەک لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. دادگەی باڵا لە ماوەی 14 رۆژدا بڕیاری لەسەر دەدات.
 
 
نوێدەکرێتەوە..