ئەفغانستانی دوای تاڵیبان و سامانە سڕکراوەکانی؛ داهاتوویەکی ناڕوون

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا و ساڵێک لەمەوبەر، بزووتنەوەی تاڵیبان لە دوای 20 ساڵ شەڕکردن لە شاخ و دەشتەکاندا، هاتەوە نێو شار و دەستی بەسەر کابوولی پایتەختدا گرتەوە. 
 
ساڵێک لە دوای دەسەڵاتی تاڵیبان، زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ لە ئەفغانستان تووشی بەدخۆراکی تووندبوون و نیوەی دانیشتووانەکەی لە ژێر هەڕەشەی برسێتیدان. دۆخی مرۆییش لە هەر کاتێک خراپترە. 
 
لە کۆتایی ساڵی رابردوودا، دەیڤید بیزلی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆگرامی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئەفغانستانەوە گوتی، "دۆزەخێکە لەسەر زەمین." 
 
لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو، تاڵیبان دەسەڵاتی کابوولی گرتووەتەوە دەست، رووداوەکانی تەقەکردن، تەقینەوە و شەڕکردن کپبوونەتەوە، بەڵام رێکخراوی گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی کە بنکەی سەرەکیی لە بڕۆکسلە دەڵێت، "ئەو برسێتی و نەهامەتییەی لە دوای سەپاندنی سزاکان بەسەر تاڵیباندا هاتووە، دەکرێت زیاتر لە هەر بۆمب و فیشەکێک کە لە دوو دەیەی رابردوودا تەقێندرابێت، خەڵکی زیاتر بکوژێت."
 
قەیرانەکانی ئەفغانستان لە پێش 15ـی ئابی ساڵی رابردوو، دەستپێکرد کاتێک ئەمریکا بە خێرایی هێزەکانی کشاندەوە و بزووتنەوەی تاڵیبانیش کابوولی پایتەختی کۆنترۆڵکردەوە، بەڵام هاتنەوە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان، ئەو وڵاتەی بەرەو کەناری داڕمان بردووە. ئەوەش لەبەر ئەو سزایانەی رۆژئاوا بەسەریدا سەپاندوون. 
 
قەیرانی بێوێنەی برسێتی
 
بەگوێرەی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی، نزیکەی 20 ملیۆن کەس کە دەکاتە نیوەی دانیشتووانی ئەفغانستان، پێویستییان بە یارمەتی خێرای خۆراکە. بەڵام وەکو ماری ئێلن، بەڕێوەبەری ناوچەیی ئاژانسەکە لە ئەفغانستان باسی دەکات، "هیچ پارەیەک نییە" بۆ کڕینی  خۆراکی پێویست. نەتەوە یەکگرتوەکانیش لە راپۆرتێکیدا دەڵێت، خراپترینە لە جیهاندا و ئاشکراشیکردووە لە 97٪ـی خێزانەکانی ئەفغانستان توانای دابینکردنی خواردنی پێویستییان نییە. 
 
کەرتی تەندروستیش لە لێواری داڕووخاندایە، ئەنجوومەنی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی دەڵێت، پزیشک و پەرستاری پێویست لە نەخۆشخانەکاندا نین. دەشڵێت: پزیشکان بۆ ماوەی شەش مانگ دەبێت مووچەیان پێنەدراوە. ژووری نەخۆشخانەکانیش "پڕن لەو دایکانەی بەدیار منداڵە بەدخۆراکەکانیانەوە دانیشتوون." 
 
بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی رێکخراوی "سەیف زە چیڵدرن"، لە 46٪ـی کچانی ئەفغانستان و 20٪ـی کوڕانیان ناچنە قوتابخانە. هەروەها 26٪ـی کچان و 16٪ـی کوڕانی ئەفغانستان تووشی خەمۆکی بوون.
 
قەیرانە لەبن نەهاتووەکان
 
ئەفغانستانییەکان بەدەست ژمارەیەکی زۆری قەیرانەوە دەناڵێنن؛ وێرانەیەک بەدوای دوو دەیەی جەنگەوە رووی لەو وڵاتە کردووە؛ گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی ئەوەی بۆ ماوەی سێ ساڵی لەسەریەک بەشێکی گەورەی وڵاتەکە رووبەڕووی وشکەساڵی بێتەوە، لە بەشێکی دیکەی شارەکانی وڵاتەکە گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی لافاو و بەفری دەگمەن لە مانگی حوزەیراندا دەبارێت. 
 
هەر ئەمساڵ، بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە وڵاتەکەیدا. بوومەلەرزەکە بەهێزترین بووە لە 20 ساڵی رابردوودا، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزار و 150 کەس. بەڵام گەورەترین ئاڵنگاری، بەگوێرەی ئەنجوومەنی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی، بلۆککردنی پارەکانی وڵاتەکەیە لە بانکە دەرەکییەکاندا. 
 
لە ماوەی 20 ساڵی جەنگی وڵاتەکەدا، وڵاتانی رۆژئاوا بەشێوەیەکی سەربازی و سیاسی لە وڵاتەکەدا دەستیان هەبووە. لەو ماوەیەدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سێ بەشی خەرجییەکانی وڵاتەکەی لە ئەستۆ گرتبوو. ژمارەیەک پێشڤەچوون لە کەرتەکانی رێگەوبان، قوتابخانە و نەخۆشخانەکاندا هاتنە ئاراوە. بەڵام لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان، یەکسەر ئەو هاوکارییانە وەستێنرا.
 
بەگوێرەی ئەنجوومەنی بەهاناوەچوونی نێودەوڵەتی، 400 هەزار کەس لە کەرتە گشتییەکاندا و 200 هەزار کەسیش لەنێو هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس دامەزرابوون، "بەڵام ئێستا ژمارەیەکی زۆری ئەم کارانە نەماون؛ رێژەی بێکاری و هەڵاوسانیش لە هەر کاتێک بەرزترە". بەجۆرێک چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، رێژەی بێکاری بگاتە 25٪. بانکی جیهانیش دەڵێت، نرخی کاڵا و شتومەک لە مانگی حەوتی ئەمساڵ لە ئەفغانستان بە رێژەی 50٪ بەرزبووەتەوە و ملیۆنەها کەس لەبەردەم مەترسی برسیبووندان.
 
سندووقی نێودەوڵەتی دراویش دەڵێت: ساڵی رابردوو ئابووری ئەفغانستان 30٪ پاشەکشەی کردووە و لە نێوان 42 ملیۆن دانیشتووانی ئەفغانستان، 20 ملیۆن هاووڵاتی مەترسی گەورەی ئاسایشی خۆراکیان لەسەرە. 
 
7 ملیار و 200 هەزار دۆلاری سڕکراو
 
رەوشی ئابووری لەو وڵاتە لە دوای ساڵێک لە هاتنەوەی تاڵیبان، بەرەو کارەسات دەڕوات. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 7 ملیار و 200 هەزار دۆلاری لە سامانی بانکی ناوەندیی ئەفغانستان سڕکردووە، ئەمەش وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە بکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
 
71 پسپۆڕ و ئابووریناسی سەرانسەری جیهان داوا لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە دەکەن پارەی بانکی ناوەندیی ئەفغانستان کە لە وڵاتەکانیان سڕکراوە، بە حکومەتی تاڵیبانی بدەنەوە. بانگەوازەکە لە نامەیەکدا ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و جانێت یێڵن، وەزیری گەنجینەی ئەو وڵاتە کراوە، کە لە لایەن 71 پسپۆڕ و ئابووریناسەوە واژۆی لەسەرکراوە، لەنێویاندا، جۆزێپ ستیگلیتز، براوەی خەڵاتی نۆبڵ. 
 
لە نامەکەیاندا دەڵێن، بەهۆی رەوشی خراپی مرۆیی، ئەفغانستان لەم کاتەدا پێویستی بەو پارەیەیە کە لە بانکەکانی دەرەوەدا سڕکراون، تاوەکو بتوانێت خۆی لە داڕمانی ئابووری بپارێزێت. 
 
ئەفغانستان ئێستا رووبەڕووی زنجیرەیەک قەیران و کێشە دەبێتەوە، لەنێویشیاندا کاریگەریی بوومەلەرزەکەی مانگی حوزەیران، لافاو و وشکەساڵی. 
 
دۆخەکە وای لە تاڵیبان کردووە چەندینجار داوای ئازادکردنی ئەو پارە سڕکراوە بکات کە دەتوانێت بەشێوەیەکی بەرچاو هاوکاریی ئەفغانستان بکات.