جیهان
وەزیری دەرەوەی تایوان پێشوازی لە شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکات. وێنە: وەزارەتی دەرەوەی تایوان
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا سەردانی تایوان دەکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەو دوورگەیە کۆدەبنەوە. ئەوەش چەند رۆژێک دوای سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دێت کە مانۆڕی سەربازیی چین لە دەوروبەری دوورگەی تایوانی بەدوای خۆیدا هێنا.
سەردانە رانەگەیێندراوە دوو رۆژییەکەی شاندی کۆنگرێس، دوای ئەوە دێت کە پەکین کەشتیی جەنگی، مووشەک و فڕۆکەی جەنگی ناردە نێو سنوورە ئاوییەکان و ئاسمانی تایوان - دوورگەیەکی خۆبەڕێوبەر کە چین بە خاکی خۆی دەزانێت.
چاوەڕوان دەکرێت رۆژی دووشەممە، 15ـی ئابی 2022 پێنج ئەندامەکەی شاندی کۆنگرێس بە سەرۆکایەتیی ئێد مارکی، سیناتۆری ماساچوسێتس لەگەڵ تسای ئینگ وێن، سەرۆکی تایوان کۆببنەوە. باڵیۆزخانەی دیفاکتۆی تایوان لە واشنتن رایگەیاند، سەردانەکەی شاندی کۆنگرێس سەرنج دەخاتە سەر بازرگانی، ئاسایشی ناوچەیی و گۆڕانی کەشوهەوا.
وەزارەتی دەرەوەی تایوانیش سەردانەکەی وەکو "نیشانەیەکی هاوڕێیەتیی" نێوان واشنتن و تایپەی پەسن کرد "کە لە هەڕەشەکانی چین ناترسن".
بەڵام ئەم سەردانە بووەتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە چین تووڕە ببێت و، دەست بکاتەوە بە مانۆڕی سەربازی لە گەرووی تایوان.
رۆژی 14ـی ئاب، لەدوای گەیشتنی شاندی کۆنگرێس بۆ تایپەیی پایتەختی تایوان، ئاژانسی فەرمیی چین روونکردنەوەیەکی بە ناونیشانی "پێویستە سیاسەتڤانانی ئەمریکا لەبارەی پرسی تایوان لە یاریکردن بە ئاگر بوەستن" بڵاوکردەوە. گوتی کە سەردانەکەیان بۆ قۆستنەوەی هەلێکە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لەکاتێکدا هەڵبژاردنی نیوەی وەرزی لە ئەمریکا نزیک دەبنەوە. ئاماژەش بەوە کراوە کە "سیاسەتڤانانی ئەمریکا کە یاری بە ئاگر دەکەن سەبارەت بە پرسی تایوان، دەبێت دەستبەرداری بیرکردنەوە خۆویستەکانیان بن". ئاژانسەکە دەشڵێت، هیچ ژوورێک بۆ سازشکردن نییە کاتێک باسەکە دێتە سەر بەرژەوەندییە بنچینەییەکانی چین.
حکومەتی تایوان، پەکین بەوە تۆمەتبار دەکات کە سەردانەکەی نانسی پێلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا وەکو بەهانەیەک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی مانۆڕە سەربازییەکانی لە نزیک دوورگەکە ئەنجامبدات کە وەکو خۆی دەڵێت، بۆ چین رێخۆشکەر دەبێت بۆ داگیرکردنی دوورگەکە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە پارتی کۆمۆنیستی چین هەرگیز تایوانی بەڕێوەنەبردووە، بەڵام وەکو خاکی خۆی پێناسەی دەکات و دەڵێت "ئەگەر بە زەبری هێزیش بێت" هەر دەبێت رۆژێک بیگەڕێننەوە باوەشی خاکی دایک کە چینە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ