یەکێتیی ئەوروپا: بە خێرایی ستافەکەمان لە کابوول دەگوازینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی کابوول دەکەن و کاریش دەکەن بۆ پاراستنی سەلامەتیی ستافی یەکێتییەکە، کە تاوەکو ئێستا لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان ماونەتەوە.
 
بزووتنەوەی تاڵیبان ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 15-08-2021 چووە نێو بەشێکی کابوولەوە؛ ئەو وڵاتە بیانییانەش کە نوێنەرایەتی و باڵیۆزخانەیان لە کابوول هەیە هەوڵدەدەن دیپلۆمات و ستافەکانیان بە خێرایی ببەنە دەرەوە کە لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا ژمارەیەکی زۆریان گوێزراونەتەوە بۆ بەشی سەربازیی فڕۆکەخانەی کابوول.
 
لەو بارەوە یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە دەیانەوێت بە زووترین کات ستافی یەکێتییەکە ببەنە دەرەوەی ئەفغانستان.
 
لە راگەیێندراوێکدا یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوە کردووە، "پێشڕەوییەکانی تاڵیبان وایکردووە ستافەکەمان لە کابوول پێویستی بە هاوکاریی زیاتر بێت لەپێناو پاراستنی و برۆکسلیش هەوڵدەدات دڵنیایی بدات لە سەلامەتییان، هەربۆیە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام چڕکردووەتەوە بۆئەوەی بە باشترین شێوە و بە سەلامەتی بیانگوازینەوە".
 
جگە لە یەکێتییەکە، وڵاتانی ئەندامیش بە جیا هەوڵی گواستنەوە و پاراستنی دیپلۆماتەکان و کارمەندانی باڵیۆزخانەکانیان لە کابوول دەدەن. ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و فەرەنساش ژمارەیەک سەرباز و فڕۆکەی تایبەتیان ناردووەتە ئەفغانستان بۆ گواستنەوەی کارمەند و دیپلۆماتەکانیان.