تاڵیبان ناوەندی پارێزگایەکی دیکە بەبێ شەڕ کۆنترۆڵدەکات


رووداو دیجیتاڵ

چەکدارانی تاڵیبان بەردەوامن لە پێشڕەوی و شاری جەلالئاباد، ناوەندی پارێزگای نەنگارهاریان بەبێ شەڕ کۆنترۆڵکرد، ئێستا حکومەتی وڵاتەکە پایتەخت و چەند ناوچەیەکی کەمی بەدەستەوە ماوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 15-08-2021 چەکدارانی تاڵیبان شاری جەلالئاباد، پێنجەم گەورەترین شاری ئەفغانستانیان کۆنترۆڵکرد، شارەکە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە و نزیکەی 150 کیلۆمەتر لە کابوولی دوورە و یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی ئەفغانستان-پاکستان دەکەوێتە نێو جەلالئاباد.
 
بەرپرسێکی ئەفغانی بە رۆیتەرزی گوتووە، "هیچ شەڕ و پێکدادانێک لە جەلالئاباد نییە، چونکە حکومەت تەسلیمی تاڵیبان کراوە.. ئەوە تاکە رێگەیە بۆ پاراستنی ژیانی سڤیلەکان".
 
پێشڕەوییەکانی بزووتنەوەی تاڵیبان بەردەوامن و تاوەکو ئێستا لە کۆی 34 ویلایەت، ناوەندی 27 ویلایەتی کۆنتڕۆڵکردووە و رۆژ دوای رۆژیش لە کابوول نزیکتر دەبێتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا بە مەبەستی پاراستنی هاووڵاتیانی لەکاتی گەڕانەوەیان، بڕیارە هێزی زیاتر بنێرێتە ئەفغانستان، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە چەکدارانی تاڵیبان تاوەکو بەر دەرگای کابوول رۆشتوون. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاش هۆشداری داوەتە تاڵیبان لە ئەگەری هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، کاردانەوەی سەربازیی "خێرا و بەهێز"یان دەبێت.
 
پێشتر تاڵیبان ناوەندی دووەم و سێیەم گەورەترین پارێزگای ئەفغانستانی کۆنترۆڵکردبوو کە قەندەهار و هیراتن، هەروەها لە نێوجەرگەی کابوول شەقامەکان چۆڵیان پێوەدیارە و ترسێکی زۆر لەنێو بەشێکی زۆر خەڵکدا دروستبووە. سەرۆکی ئەفغانستان بۆ بەرزکردنەوەی ورەی هێزەکانی و رەواندنەوەی ترس لەنێو خەڵکیدا پەیامێکی تەلەڤزیۆنی بڵاوکردەوە.
 
ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان لە پەیامەکەدا رایگەیاند، "دەزانم کە ئێوە لە دۆخی ئێستا و داهاتوو نیگەرانن؛ من وەک سەرۆکتان دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئامانجی من رێگریکردن دەبێت لە ناسەقامگیری و تووندوتیژی و ئاوارەبوونی زیاتری خەڵکەکەمان."