رووداو دیجیتاڵ
چەند مانگێکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشەنگی وڵاتانی جیهانی لە تووشبوون و مردن بە هۆی کۆرۆناوە گرتووە. ئێستا کە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نزیک دەبێتەوە، رۆژ دوای رۆژ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە رێگەی پۆستەوە زیاتر قسەی لەسەر دەکرێت.
حاکمی ویلایەتی نیوجێرسی دەڵێت، هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی داهاتوو زۆر گرنگە و هەربۆیە کارتی دەنگدان دەگەیێندرێتە دەستی هەموو کەس بۆ ئەوەی بتوانێت لە هەڵبژاردنەکەدا بەشداری بکات، بەڵام لە رێگەی پۆستەوە.
فیڵ مێرفی، حاکمی نیوجێرسی دەڵێت: "ئەمڕۆ، ئێمە رایدەگەیێنین کە هەڵبژاردنی گشتیی رۆژی 3ی نۆڤەمبەر بەشێوەیەکی سەرەکی لەرێگەی پۆستەوە دەبێت. من لەم بوارەوە فەرمانێکی جێبەجێکاری واژۆدەکەم و سیستمی تۆماری دەنگدانی ئۆنلاینیش ئامادە دەکرێت و تاوەکو رۆژی 4ی نۆڤەمبەر بەشێوەیەکی کاریگەر دەمێنێتەوە. ئەمەش توانایەکی زیادە دەداتە دەنگدەران بۆ ئەوەی ناوی خۆیان تۆماربکەن".
ئامادەکاریی ویلایەتەکان بۆ هەڵبژاردن لەرێگەی پۆستەوە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵات و بەربژێری پارتی کۆماری دژی ئەوەیە هەڵبژاردن بەو جۆرە بێت.
راپرسییەکان دەریدەخەن رکابەرایەتییەکی تووند لە نێوان ترەمپ و بایدندا هەیە و بەربژێرەکەی پارتی کۆمارییش پێیوایە، هەڵبژاردن لە رێگەی پۆستەوە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ساختەکاری گەورە بکرێت.
ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای کۆمارییەکانیش دەڵێن، دەکرێت هاککردن لەو جۆرە هەڵبژاردنەدا ئاسانتر بێت.
میت رۆمنی، سیناتۆری کۆمارییەکان دەڵێت: "ئاگاداری هیچ بەڵگەیەک نیم بیسەلمێنێت کە هەڵبژاردن لە رێگەی پۆستەوە ساختەکردن زیاد دەکات. بەڵام گەورەترین نیگەرانیی من لەبارەی ئەم جۆرە دەنگدانە ئەوەیە دەکرێت سیستمی ئەلیکترۆنیی دەنگدانەکە و ئامێرەکانی دەنگدان لە لایەن ئەمریکییەکان یان بە پاڵپشتی لایەنێکی دەرەکی هاکبکرێن و لە رابردوویشدا هەوڵی لەو جۆرە هەبوون".
ئەوەی رۆمنی باسی دەکات تاکە کێشە نییە. "خزمەتگوزاریی پۆستەی ئەمریکا" دەڵێت، ناتوانێت گەرەنتی بدات کە هەموو دەنگە دراوەکان لە رێگەی پۆستەوە لە کاتی خۆیاندا دەگەنە شوێنی مەبەست بۆ ئەوەی هەژماربکرێن.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە رۆژی 3ی نۆڤەمبەری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بەهێزترین بەربژێرەکانی سەرۆکایەتییش بریتین لە دۆناڵد ترەمپ لە پارتی کۆماری و جۆ بایدن لە پارتی دیموکرات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ