خێزانی کایلا مۆلەر دەڵێن کچەکەیان موڵکی تایبەتی ئەبوبەکر بەغدادی بووە

رووداو- هەولێر

کایلا مۆلەر، ئەو کچە بە رەگەز ئەمریکیەی کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ لە سووریا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کوژرا، ئێستا خێزانی مۆلەر دەڵێن کچەکەیان پێش ئەوەی بکوژرێت موڵکی تایبەتی ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش بووە و بەردەوام سێکسی لەگەڵدا کردووە.


کایلا مۆلەر مانگی کانونی یەکەمی ساڵی 2012 لە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریکاوە چووە تورکیا بۆ کارکردن لەگەڵ رێکخراوێکی تورکی بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە سورییەکان، لە ئابی ساڵی 2013لەکاتی دەرچوونی لە نەخۆشخانە لە شاری حەلەب دەستبەسەر کرا.

خانەوادەکەی دەیانگوت، ئەگەر کایلا لە ژیاندابووایە ئاهەنگی 27 مین ساڵڕۆژی لەدایکبوونمان بۆ دەگێڕا، بەڵام پێیانگوتین، کچەکەتان موڵکی تایبەتی ئەبوبەکر بەغدادی بووە پێش ئەوەی گیانلەدەستبدات.

کایلا مۆلەر، کچە کارمەندێکی رێکخراوێکی تورکی بوو، ئەو لە ئەمریکاوە بۆ تورکیا رێگایەکی دووری بڕیبوو تاوەکو هاوکاری ئاوارە سورییەکان بکات، بەڵام ساڵی2013 لە شاری حەلەب وەکو بارمتە کەوتە دەستی چەکدارانی داعش. 

مۆلەر، لەو ماوەیەی کە لەلای داعش دەستبەسەربووە، موڵکی تایبەتی ئەبوبەکر بەغدادی بووە، بەغدادی بە بەردەوامی و بە پلان چووەتە لای و سێکسی لەگەڵ کردووە.

کایلا مۆلەر، لە ماڵی ئەبو سەیاف دەستبەسەر بووە، ئەبو سەیاف بەرپرسی فرۆشتنی نەوت و سەرچاوە داراییەکانی رێکخراوی داعش بوو، کەسێکی زۆر متمانەپێکراوی بەغدادی بوو، بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمریکا بەغدادی خۆی بەشێوەیەکی شەخسی بە کاری مۆلەردا راگەیشتووە و بردویەتییە ماڵی ئەبو سەیاف، هەر لەوێش دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر.

مۆلەر لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لە دەوروبەری شاری رققە گیانی لەدەستدا، هەر دوای گیانلەدەستدانی، داعش بە فەرمی ئەوەی راگەیاند کە مۆلەر لە بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئوردندا کوژراوە، داعش بنەماڵەکەی مۆلەریان لە چۆنییەتی گیانلەدەستدانی کچەکەیان ئاگادارکردبووەوە، بەڵام دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا گومانیان لەو زانیارییانە هەیە.

زانیارییەکان لەلایەن دەزگای دژەتیرۆری ئەمریکا و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو وڵاتەوە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بە خانەوادەی مۆلەر دران، ئەوەش دوای کەمتر لە مانگێک لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئەبوسەیاف لە نێو خاکی سووریا.

دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، پشتیان بە گێڕانەوەکانی دوو کچە کوردی ئێزدی بەستووە، کە لەگەڵ مۆلەردا وەکو بارمتە دەستبەسەرکرابوون، یەکێک لە کچەکان لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئەبوو سەیافدا رزگارکرا، ئەوان کە تەمەنیان 16   و 18  ساڵانە،  باسیشیان لە رۆڵی هاوژینی ئەبوسەیافکردووە لە کارئاسانیکردن بۆ بەغدادی و بەرپرسانی دیکەی رێکخراوەکەدا لە ئەنجامدانی کاری سێکسی لەگەڵ بارمتەکاندا، ئوم سەیاف خۆشی دانی بەوەدا ناوە.

تۆڕی هەواڵی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی کە پەردەی لەسەر ئەم بابەتە هەڵداوەتەوە، لەزاری بەرپرسانی ئەمریکاوە ئەوەشی ئاشکراکردووە کە ئەبوبەکر بەغدادی زیاد لە جارێک دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر کایلا مۆلەر.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی ئەو دوو کچە ئێزدییەی زانیارییەکانیان لەباری بەغدادییەوە ئاشکرا کردووە و گەڕاونەتەوە نێو ژیانی ئاسایی لە باشووری کوردستان، لە ماوەی رابردوو ئیدارەی ئەمریکا ئوم سەیافی هاوژینی ئەبو سەیافی رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ دادگاییکردنی.

کایلا مۆلەر مانگی کانونی یەکەمی ساڵی2012 لە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریکاوە چووە تورکیا بۆ کارکردن لەگەڵ رێکخراوێکی تورکی بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە سورییەکان، لە ئابی ساڵی 2013 لەکاتی دەرچوونی لە نەخۆشخانە لە شاری حەلەب دەستبەسەر کرا، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا گیانیلەدەستدا، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا دوای مانگێک لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئەبو سەیاف و دەستگیرکردنی ئوم سەیاف دەسەڵاتدارانی ئەمریکا سەرجەم زانیارییەکانیان لەبارەی مۆلەرەوە بە خانەوادەکەیدا.

مۆلەر دەرچووی زانکۆی ئەریزۆنای باکوورە لە ساڵی2009،  لەگەڵ رێکخراوە مرۆییەکاندا لە هەریەک لە باکووری هیندستان و ئیسرائیل و فەڵەستین و سووریا کاریکردووە.