جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی سکرتێری گشیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دیاریکرا.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.
ئەلحەسان بە دیپلۆماتکارێکی ناسراوە و 30 ساڵە لەنێو نوێنەرایەتی وڵاتەکەی لە یوئێن کار دەکات. لەساڵی 2019وە نوێنەری عومانە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و پێش ئەو پۆستەش چەندین پۆستی لە وەزارەتی دەرەوەی عومان لە مەسقەتی پایتەخت بەڕێوەبردووە، لەنێویان لەساڵی 2016وە، جێگری وەزیری دەرەوە بووە و لە ساڵی 2012ش سەرۆکی دیوانی وەزارەت بووە.
ئەلحەسان، لەساڵی 2009وە بۆ 2012، باڵیۆزی عومان بووە لە رووسیا، لەگەڵ ئەوەش نوێنەرایەتی وڵاتەکەی کردووە لە وڵاتانی بێلاڕووس، ئۆکراینا، ئەرمینیا و ماڵدۆڤا، پێش ئەو پۆستانەش بۆ ماوەیەک جێگری نوێنەری عومان بووە لە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ.
ئەلحەسان، زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی واشنتن لە ویلایەتی سیاتڵی ئەمریکا تەواو کردووە. ماستەریشی لە پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان لە زانکۆی سانت جۆن لە نیویۆڕک وەرگرتووە. دکتۆراشی لە لە ئامار و ئابووری لە زانکۆی مۆسکۆ وەرگرتووە.
ئەو دیپلۆماتکارە عومانییە، لەساڵی 1963 لەدایک بووە و بێجگە لە زمانی عەرەبی، زمانەکانی ئینگلیزی، رووسی و نەرویجی دەزانێت و ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و دوو کچی هەیە.
یونامی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات و لە 14ی ئابی 2003وە دامەزراوە و ئەرکیان هاوکاریکردنی حکومەتی عێراقە لە پرۆسەی سیاسیی و هەڵبژاردنەکان و هەروەها دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکانی عێراق.
ئەو نوێنەرایەتییە ساڵانە ماوەی کارکردنی درێژ دەکرێتەوە، بەڵام ئەم ساڵ لەسەر داوای حکومەتی عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا لە 31ی کانوونی یەکەمی 2025، دوا رۆژی ئەرکی یونامی لە عێراق دەبێت.
لە 21 ساڵی کارکردنی یونامی دا، حەوت دیپلۆماتکار نوێنەرایەتی یونامیان لە عێراق کردووە دیارترینیان ستیفان دیمستورا، دیپلۆمارتکاری سوێدی. یان کۆبیش، دیپلۆماتکاری سلۆڤاکی و پلاسخارت، دیپلۆماتکاری هۆڵەندی بوون.