زانیاریی نوێ لەبارەی ئەو کەسەی تەقەی لە ترەمپ کرد؛ گۆشەگیر بووە و گاڵتەی پێکراوە

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
دۆناڵد ترەمپ بە برینداری، ئەو گەنجەی تەقەی لێکرد (لای چەپ)
دۆناڵد ترەمپ بە برینداری، ئەو گەنجەی تەقەی لێکرد (لای چەپ)
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
زانیاریی نوێ لە بارەی ئەو کەسە ئاشکرا کرا کە رۆژی یەکشەممە تەقەی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کرد. 
 
دامودەزگە ئەمنییەکانی ئەمریکا دەڵێن، ئەو کوڕە 20 ساڵە، کە ناوی تۆماس ماتیو کرووکس بوو و لە ناوچەیەکی دەرەوەی شاری پیتسبێرگی ویلایەتی پێنسلڤانیا ژیاوە، کارمەندی خانەی بەساڵاچووان بووە. کەسێکی گۆشەگیر بووە و کاتێک لە قوتابخانە بووە، هاوپۆلەکانی پێیان رابواردووە.
 
جەیسن کۆهڵەر، کە پێکەوە لەگەڵ هێرشکارەکە لە هەمان قوتابخانە خوێندوویانە، دەڵێت، کرووکس لە کاتی نانخواردندا بە تەنیا دادەنیشت و خۆی لە قوتابییەکان بەدوور دەگرت، هەروەها باس لەوە دەکات، قوتابییەکان بەهۆی جلەکانییەوە، بە کرووکسیان رادەبوارد چونکە هەندێ جار جلی تایبەت بە راوچییەکانی لەبەردەکرد. 
 
کۆهلەر بە رۆژنامەڤانانی گوت ''کرووکس لە کاتی نانی نیوەڕۆدا، بە تەنیا دادەنیشت. کەسێکی گۆشەگیر بوو. منداڵانی ئێستاش، ئێوە دەزانن چۆنن. ئەگەر کەسێکی وا ببینن، گاڵتەی پێ دەکەن چونکە بە شتێکی پێکەنیناوی دەیبینن. ئەمە باشترین شێوەیە بتوانم وەسفی کەم. راستییەکەی رووداوەکە هەندێک دڵگرانکەرە."
 
دەزگە ئەمنییەکان هەروەها باس لەوە دەکەن، هێرشکارەکە بە ئۆتۆمبێلی خۆی چووەتە شوێنی کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی ترەمپ و تەقەمەنی لە ئۆتۆمبێلەکەیدا دۆزراوەتەوە. 
 
تەقەکەرەکە، لە پارتی کۆماری، کە پارتەکەی ترەمپە وەک لایەنگر ناوی تۆمارکراوە. هەر لە شوێنی رووداوەکەدا بە دەستی ئەندامانی دەزگەی هەواڵگری کوژرا.
 
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ ئەوەی پاڵنەری پشت هێرشەکە بدۆزێتەوە، کە بووە هۆی کوژرانی لایەنگرێکی ترەمپ، برینداربوونی ترەمپ خۆی و دوو لایەنگری دیکەی. 
 
رۆژی یەکشەممە، FBI رایگەیاند هێشتا هیچ ئاماژەیەکیان دەستنەکەوتووە، کە هێرشکارەکە ئایدۆلۆژیایێکی دیاریکراوی هەبووبێت، یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پۆستی هەڕەشەئامێزی کردبێت. 
 
هێرشکارەکە دوو ساڵ لەمەوبەر قوتابخانەی ئامادەیی تەواوکردبوو و هیچ پێشینەیەکی تاوانی نەبوو، ئەمە وەک بەڵگەنامەکانی دادگە پێشانیدەدەن.
 
FBI دەڵێت، کرووکس بە تەنیا هێرشەکەی کردووە و کەسی دیکەی لەگەڵدا نەبووە. 
 
کرووکس ساڵی 2022 قوتابخانەی ئامادەیی بێتل پارک ـی تەواو کردبوو. لە ڤیدیۆی ئاهەنگی دەرچوونی قوتابخانەکەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بلاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت کە دەچێت بڕوانامەی خوێندنەکەی وەردەگرێت. 
 
کرووکس جەستەیەکی لاوازی هەیە و چاویلکە بەکاردێنێت. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانەکە رایگەیاندووە، هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ دەزگە ئەمنییەکان دەکەن. 
 
بە گوێرەی میدیای ئەمریکی، کرووکس هەروەها یەکێک بووە لەو قوتابیانەی لە وانەی بیرکاری و زانستدا نمرەی بەرزی بەدەستهێناوە و لە بەرامبەر ئەوەدا خەڵاتکراوە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.