رووداو رووماڵی شەڕی باخمووت دەکات؛ لە پێنج هەزار دانیشتووی گوندێک تەنیا حەوتیان ماونەتەوە

رووداو باخمووت 

شەڕ لە ناوچەکانی سەر بە شاری باخمووت لە هەرێمی دۆنێتسکی ئۆکراینا بەردەوامە، نێردراوی رووداو چووەتە باخمووت، گوندەکان چۆڵکراون و بوون بە ناوچەیەکی سەربازی و تاک و تەرا خەڵک ماونەتەوە، قسەی لەگەڵ پیاوێک لە یەکێک لە گوندە چۆڵکراوەکان کردووە، کە لە کۆی پێنج هەزار کەس، هەر خۆی و شەش کەسی دیکە لەو گوندەدا ماونەتەوە. 
 
تیمی رووداو چوونەتە یەکێک لە زۆنە گرینگەکانی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، کە 15 کیلۆمەتر لە شاری باخمووت لە هەرێمی دۆنێتسکەوە دوورە. نزیکەی دوو مانگ بەسەر کۆنترۆڵکردنی شاری باخمووت لە لایەن هێزەکانی رووسیاوە تێدەپەرێت، دۆخی شار و گوندەکانی سەر بە باخمووت دۆخێکی سەربازی و ناجێگیرە.
 
لاریچێڤ تەمەنی 35 ساڵە و خەڵکی گوندی ئەلێکساندرۆ شولتینۆیە، لە کۆی پێنج هەزار دانیشتووی گوندەکە، تەنیا ئەو و شەش کەسی دیکە ماونەتەوە. دەڵێت " لێرە لەدایکبووم و دەمەوێت هەر لە ماڵەکەی خۆمدا بمرم". رۆژانە سەردانی ماڵی هەمووان دەکات و خواردن بەو ئاژەڵانەش دەدات، کە لە گوندەکەدا ماونەتەوە. 
 
لاریچێڤ، دانیشتووی گوندی ئەلێکساندرۆ شولتینۆیە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "رێکخراوە مرۆییەکان خواردنمان بۆ دەهێنن، هەندێ باخچەمان هەیە و هەروەها مریشک و مراویمان هەن. ئێمە هەنگاو بە هەنگاو دەژین، راستە ئێرە بۆردوومان دەکرێت، بەڵام ئێمە خۆمان دەشارینەوە و بەمجۆرە دەژین، چونکە هیچ شوێنێکمان نییە بۆی بڕۆین".
 
ستێفا، ژنێکی تەمەن 81 ساڵە و لە گوندێکی دیکە دادەنیشێت. لەو گوندەش ژمارەیەکی کەم خەڵک ماونەتەوە، ئەو ژنە بەتەمەنە گلەیی لە نەبوونی پلانی حکومەت دەکات.
 
ستێفا، خەڵکی سانتورینۆڤکا دەڵێ، "من کوڕێکم هەبوو، زۆر باش بوو، نە جگەرەی دەکێشا نە دەیخواردەوە. ئەویان نارد بۆ چێرنۆبیڵ و من کوڕەکەم لەدەست دا و، ئێستا هیچ کەسێک نییە ئاگای لە من بێت. دەبێت چی بکەم!"
 
جگە لە گوندەکان، دۆخی شارەکانی هەرێمی دۆنێتسک خراپتر بوون، لە شاری کۆنستانتینۆڤکا لە کۆی 67 هەزار دانیشتوو، تەنیا 20 هەزار کەس لێی ماونەتەوە.
 
ئانتۆن داڤیدۆڤ، خەڵکی کۆنستانتینۆڤکا باس لەوە دەکات "لێرە هیچ پڕۆسەیەکی پێشکەوتن نابینرێت، هیچ بەرهەمێک نییە و تەنانەت بزنسی بچووکیش نییە. تەنیا بازاڕ هەیە و لێرە دەمێنین و دەتوانین هەندێ شت بفرۆشین".
 
هەرێمی دۆنێتسک لە بەشی رۆژهەڵات لە دۆخێکی قورسدایە، 50٪ـی لە کۆنترۆڵی هێزەکانی رووسیایە. دوای لەدەستدانی باخمووت، هێزەکانی ئۆکراینا دەیانەوێت پاشەکشە بە هێزەکانی رووسیا بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرەوپێشچوونێک نابینرێت.