رووداو دیجیتاڵ
لە سویسرا دیاسپۆرایەکی کوردیی چالاک هەیە. حەسەن حوسێن دەنیز مامۆستای زمانی کوردییە و زیاتر لە 16 ساڵە لەگەڵ چەند مامۆستایەکی دیکەی خۆبەخش لە پێنج کانتۆنی سویسرا منداڵانی کورد فێری نووسین و خوێندنەوەو زمانی کوردی دەکات.
مامۆستا حەسەن پیاوێکی کوردپەروەر و زمان دۆستە و لەدایکبووی 1960ی شاری نسێبینی باکووری کوردستانە و بەر لەوەی بچێتە ئەوروپا، هەشت ساڵ لەسەر دۆزی کورد زیندانی کراوە، 20 ساڵی تەمەنیشی لە خەباتی رێکخستنی تەڤگەری باکووری کوردستاندا بەسەربردووە.
ئێستا حەسەن لە شاری لۆزانی سویسرا و لەگەڵ شەرمەزارکردنی یادی 100 ساڵەی دابەشکردنی کوردستان، ئەزموونی 16 ساڵەی مامۆستایەتیی خۆبەخشانەی زمانی کوردی دەگێڕێتەوە.
حەسەن دەڵێت، "بینیم کە لە سویسرا 28 زمانی دیکەی بیانی وانەکانیان لە قوتابخانە دەگوترێنەوە. لێکۆڵینەوەیەکم کرد کە لێرە یاسایەک هەیە، بەگوێرەی ئەو یاسایە، دەتوانیت زمانی دایک بە فەرمی بکەیت و لە قوتابخانە وانەکانی بڵێیتەوە. لەسەر ئەو بنچینەیە لە ساڵی 2014 دا هەستاین بە بەفەرمیکردنی مافی خوێندن بە زاراوەی کورمانجی لە کانتۆنی زیوریخ. لە هەمان ساڵدا، هەندێ جوامێری دیکە زاراوەی سۆرانیشیان بەفەرمی کرد."
لە سویسرا 26 کانتۆن هەن؛ لە پێنج کانتۆنی ئەڵمانی زمان لە سویسرا، منداڵە کوردەکان دەتوانن بەشێوەیەکی فەرمی خۆیان فێری زمانی دایکیان بکەن. حەسەن لەو بارەیەوە دەڵێت، "لە کانتۆنەکانی بێرن، بازل، ئارۆ، زیوریخ و زوگ وانەی کوردیمان هەن. بەشێوەیەکی گشتی 11 پۆلمان هەن. نزیکەی 80 منداڵی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەشداریی تێدا دەکەن، چونکە ئێمە وەکو کۆمەڵەی زمان لە لایەنی سیاسی و ئایینی بێلایەنین. هەر پارچەیەک، هەر منداڵێک دەتوانێت بەشداربێت. ئەو منداڵانەی کە دایک یان باوکیان کورد نەبێت، واتە هاوسەرگیرییان لەگەڵ سویسرییەکان یان پورتوگالییەکان کردبێت، ئەوانیش دێن و پۆلەکانمان هەمەرەنگن. لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە تاوەکو 16ساڵی قوتابییان فێردەکەین."
مامۆستا حەسەن لەگەڵ ژمارەیەک پسپۆری پەروەردەیی، 21 کتێبی تایبەت بە فێربوونی زمانی کوردی لە پۆلی یەکەوە تا پۆلی نۆیان چاپکردووە؛ بۆ هەر ساڵێکی خوێندن دوو کتێب دەخوێندرێن و کتێبێکیش بۆ ئەوانەی زمانی کوردی نازانن و دوو کتێبیش بۆ ئەوانە تەرخانکراون کە تەمەنیان نەگەیشتووەتە ئاستی تەمەنی قوتابخانە. چاپکردنەکەش بە زۆری لەسەر ئەرکی خۆیان بووە. لەو بارەیەوە، مامۆستا حەسەن دەڵێت، " لەم پرۆژەیەدا، وەزارەتی کولتووری سویسرا، بۆ ئەویە پسپۆر بتوانن بێن و لێرە ببنە میوان و بێنە نێو ئەم خەباتەوە، خەرجییانی لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام ئێمە خەرجیی چاپکردنی کتێبەکانمان لە ئەستۆ گرت."
بەبێ وەرگرتنی هیچ مووچەیەک، مامۆستا حەسەن لەگەڵ نۆ لە هاوپیشەکانی دوو کاژێر لە هەفتەیەکدا وانەی زمانی کوردی بە منداڵانی کورد لە سویسرا دەڵێنەوە.
مامۆستا حەسەن باس لەوە دەکات، "ئێمە هەموومان بە خۆبەخشی کاردەکەین. کۆمەڵەکەمان تەنیا دەتوانێت خەرجیی رێگەیان لە ئەستۆ بگرێت، چونکە ماڵباتەکان لەساڵێکدا بڕێکی بچووکی هاوکاری پێشکێش دەکەن. ئەوەش بۆ خەرجیی رێی مامۆستاکانە."
ئەو رەخنە لە ماڵباتە کوردزمانەکان دەکات بەوەی وەکو پێویست منداڵەکانیان نانێرنە وانەی زمانی کوردی و دەڵێت، "داوا لە کوردەکان دەکەین گرنگی بە زمانەکەیان بدەن و منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە، نەک ئێمە بەدوایاندا بچین و پێیان بڵێین منداڵەکانتان بێننە قوتابخانە."
کاتێک لەگەڵ کەسانی وەکو حەسەن حوسێن دەنیز دادەنیشیت، بە دڵێکی گەورە و پشووەکی درێژەوە، بەبێ ئەوەی خۆی دەربخات کار بۆ زمان و کولتووری کوردی خێر لەخۆ نەدیو دەکات؛ هێز و هیوا لە دەروونی مرۆڤدا دەڕوێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ