کچێکی کورد لە سوێد بڕوانامەیەک لە بواری بۆشایی ئاسمان وەردەگرێت


رووداو دیجیتاڵ 

ساریا ساڵح، کچێکی کوردە ئەمساڵ لە سوێد قۆناخی ئامادەیی بڕیوە. سوێد بایەخی زۆر بە لێکۆڵینەوەی زانستیی گەنجان دەدات، ساریاش لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر بۆشایی ئاسمان کردووە، بەوهۆیەوە بڕوانامەیەکی تایبەتی وەرگرتووە.
 
ساریا ساڵح، بەشداری لە بەرنامەی دیاسپۆرادا کرد و گوتی، "توێژینەوەکەم لەبارەی دیاریکردنی تەمەنی گەردوونە لە رێگەی بیرکارییەوە، دواتر بۆم دەرکەوت کە تەمەنی گەردوون 12 بۆ 13 ملیار ساڵ دەبێت، بەوهۆیەوە خەڵات کرام." 
 
ساریا ساڵح لەدایکبووی ساڵی 2004ـی شاری ستۆکهۆڵمە لە سوێد، خانەوادەکەی خەڵکی باشووری کوردستانن. باوکی ئەو کچە دەڵێت، کچەکەی بەهرەی زۆری هەیە، بەهۆی خوێندنەوەی بەردەوامەوە زانیاریی زۆری هەیە. 
 
ساریا ساڵح گوتیشی، "مامۆستاکانم زۆر هاوکارم بووم و هانیان دام، بەهۆی زۆری زانیارییەکانم مامۆستا و خوێندکارانی قوتابخانەکەم پێم دەڵێن، گوگڵی پۆل.' دەشڵێت، "لە منداڵییەوە حەزم بە زانینی زانستی گەردوون بووە و ئارەزوویەکی زۆرم بۆ بابەتی فیزیک هەیە، هەمیشە کتێب و توێژینەوە نوێیەکان لەوبارەیەوە دەخوێنمەوە." 
 
ساریا ئەمساڵ پۆلی 12ی ئامادەیی تەواوکردووە و دەیەوێت زیاتر پەرە بە زانیارییەکانی بدات و ببێتە زانایەکی لێهاتوو لە بوارەکەی.