ئێران و ئەمریکا گفتوگۆ لەبارەی ئاڵۆگۆڕکردنی زیندانییەکان دەکەن

15-07-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
عەلی رەبیعی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران و نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
عەلی رەبیعی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران و نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
نیشانەکردن ئێران ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
ئێران و ئەمریکا بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی زیندانییەکانیان لەگەڵ یەکدی لەگفتوگۆدان و گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، ئامادەن هەموو زیندانییە سیاسییەکان لەگەڵ زیندانییە ئێرانییەکان بگۆڕنەوە و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت: شەو و رۆژ کاردەکەن بۆئەوەی ئەو دەستبەسەرکراوە ئەمریکیانە بگەڕێننەوە ماڵەوە.
 
شەممەی رابردوو، رۆبەرت مۆڵی، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، جۆ بایدن سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەو ئەمریکیانەی لە ئێران دەستبەسەرن، هەموویان پێکەوە ئازادبکرێن و گفتوگۆکانیش لەو بارەوە بەرەوپێشچوونیان هەبووە. 
 
رۆژێک دوای ئەوە، گوتەبێژی حکومەتی ئێران پشتڕاستیکردەوە کە گفتوگۆکان بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی زیندانییەکان لەگەڵ واشنتن بەردەوامن و تارانیش داوا دەکات هەموو زیندانییە ئێرانییەکان لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشیەوە ئازادبکرێن. 
 
عەلی رەبیعی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند "کۆماری ئیسلامیی ئێران بەنیازی مرۆڤدۆستانە، ئامادەیە کە هەموو زیندانییە سیاسییەکان لەگەڵ زیندانییە ئێرانییەکان بگۆڕێتەوە؛ مەبەستم هەموو ئەو زیندانییە ئێرانیانەیە کە لەسەرانسەری جیهان بە فەرمان و داوای ئەمریکا دەستگیرکراون. ئێمە هەموو ئەو زیندانییە ئێرانیانە بە بەندکراوی ئەمریکا هەژماردەکەین."
 
چوار هاووڵاتیی ئەمریکی لە زیندانەکانی ئێراندان و لانیکەم 13 هاووڵاتیی ئێرانیش لە ئەمریکا بەندکراون.
 
هەوڵەکان بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی زیندانییەکان لە کاتێکدایە، هەردوو وڵات بە بەشداری وڵاتە زلهێزەکانی جیهان، لە ڤیەننا هەوڵدەدەن رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 زیندووبکەنەوە کە یەکێک لە بەندەکانی گۆڕینەوەی زیندانییەکان بوو. بەڵام نێد پڕایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئاڵۆگۆڕکردنی زیندانییەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی گفتوگۆکانی ڤیەننا بەڕێوەدەچن. 
 
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "ئێمە شەو و رۆژ کاردەکەین بۆئەوەی ئەو دەستبەسەرکراوە ئەمریکیانە بگەڕێنینەوە ماڵەوە. هەروەها ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیشمان کاردەکەین کە ژمارەیەکی زۆریان هاووڵاتییەکانیان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و ناڕەوا لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە دەستگیرکراون."
 
ئێران و ئەمریکا لە ساڵی 1979ـەوە پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ یەکدی نەماوە و لە ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپیشدا، گرژییەکانی نێوانیان زیاتر بوون. 
 
دوایین جار کە ئەو دوو وڵاتە زیندانییەکانیان ئاڵۆگۆڕکرد، حوزەیرانی ساڵی رابردوو بوو کاتێک ئەمریکا زانایەکی ئێرانی ئازادکرد و لە بەرامبەریشدا تاران ئەفسەرێکی هێزیی دەریایی ئەمریکی بەردا. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.