بانکی جیهانی: 700 ملیۆن کەس لە خوار هێڵی هەژاریدا دەژین

 
رووداو دیجیتاڵ

خۆپێشاندەرانی ئیتاڵیا لەکاتێکدا لە شاری برێندزی، نانیان بۆ هەژاران ئامادە دەکرد؛ لە دووریی چەند کیلۆمەترێکی کەم لە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی لووتکەی جی 7 بوون، رەخنە لە بەرپرسانی جیهان دەگرن و دەڵێن، لەبری ئەو لووتکەیە، کار بۆ کەمکردنەوەی هەژاری بکەن.
 
رۆبێرتۆ ئەپرایل، خۆپێشاندەر دەڵێت، "دەمانەوێت جیاوازی لەنێوان ئێمە و ئەواندا نەمێنێت. لە جیهانێکداین کە دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر و خەڵکی دیکەش لە برسێتییەکی توونددا دەژین. هەسارەکەمان بە بارودۆخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت."
 
بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی بانکی جیهانی، کە لە ئاداری ئەم ساڵ بڵاوکراوەتەوە، 700 ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، 2019 ژمارەکە 650 ملیۆن کەس بوو.
 
بەگوێرەی پرۆگرامی خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە نۆ ملیۆن کەس بەهۆی برسێتییەوە گیانلەدەستدەدەن.
 
خۆپێشاندەرێک دەڵێت، "شەڕی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سەربازی وەکو ئامرازێک لەلایەن وڵاتانی جی 7ـەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەسارەکەمان بەکاردەهێندرێن."
 
بەگوێرەی دەستەی ئاماری ئیتاڵیا، لە ساڵی 2019دا 6.4%ی دانیشتووانی وڵاتەکە لەژێر هێڵی هەژاریدا بوون، بەڵام ئێستا 9.8%ـە.
 
لیا کاپرێرا، خۆپێشاندەر ئاماژە بەوە دەکات، "بەرپرسان کۆدەبنەوە و بڕیار لەبارەی چارەنووسی جیهانەوە دەدەن بەبێ ئەوەی لە وردەکاری بڕیارەکانیان بکۆڵنەوە. خۆپێشاندانی ئێمە رێگەیەکە بۆ ئەوەی رەخنە لەم جۆرە بەڕێوەبردنە بگرین."
 
هەرچەندە بابەتەکانی وەکو وزە و گەشەپێدانی جیهان بەشێکن لە ئەجێندای کۆبوونەوەکانی جی 7، بەڵام هیچ باسێکی تایبەت بە هەژاری لە جیهان و رووبەڕووبوونەوەی تێدا نییە.