وەزیری بەرگریی ئەمریکا: رووسیا ناتوانێت مەرج بۆ ئۆکراینا دابنێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەمریکا رەخنە لە رووسیا دەگرێت لە بەرامبەر راگەیاندنی ژمارەیەک مەرج بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا و دەڵێت، مۆسکۆ لەو پێگەیەدا نییە ئەو مەرجانە دابنێت.
لێدوانەکە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "راستەوخۆ کۆتایی بە جەنگ دەهێنین، ئەگەر سەربازانی ئۆکراینا لەو ناوچانە بکشێنەوە کە کۆنترۆڵمان کردوون و هەوڵەکانی بەئەندامبوون لە ناتۆ رابگرن."
جەنگی ئۆکراینا و رووسیا پێی ناوەتە ساڵی سێیەم و رووسیا نزیکەی پێنج یەکی خاکی ئۆکراینای بەدەستەوەیە. ئۆکراینا دەڵێت، تاکە رێگەی ئاشتی ئەوەیە رووسیا لەو ناوچانە بکشێتەوە کە کۆنترۆڵی کردوون.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە برۆکسل گوتی، "سەتان هەزار سەرباز لەو جەنگە نادادپەروەرانەدا کوژراون و بریندار بوون. پووتین دەیتوانی هەر ئەمڕۆ جەنگەکە بوەستێنێت؛ ئێمەش داوا دەکەین ئەو کارە بکات و خاکی ئۆکراینا جێبهێڵێت."
ئۆکراینا ماوەیەکی زۆرە لە هەوڵدایە لە هاوپەیمانێتیی ناتۆ ببێتە ئەندام و داواشی لە رووسیا کردووە لەو ناوچانە بکشێتەوە کە کۆنترۆڵی کردوون.
پووتین ئەو قسانەی لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا کرد و گوتی، ئەگەر ئۆکراینا مەرجەکان جێبەجێ بکات، "ئێمەش راستەوخۆ ئاگربەست رادەگەیێنین."
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لە هەوڵەکەی بریتییە لە "چارەسەری کۆتایی بۆ تەنگژە و ململانێیەکانی ئۆکراینا و رووسیا." پووتین لەو بارەوە گوتیشی، "کرێملن ئامادەیە دەست بە دانوستاندن بکات."
یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی پووتین ئەوە بوو ئۆکراینا لە خاکی خۆی پارێزگاری لەو هاووڵاتییانە بکات کە بە زمانی رووسی قسە دەکەن؛ هەروەها بە پێویستی زانی "رۆژئاوا سزاکانی سەر رووسیا هەڵبگرێت."
جەنگی ئۆکراینا و رووسیا لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد. وڵاتانی رۆژئاوا بایی زیاتر لە 240 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکراینایان کردووە.
رووسیا بەشێکی هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلایڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە؛ لە ساڵی 2014شەوە نیمچەدوورگەی کریمیای لە ئۆکراینا لکاندووە بە خۆیەوە و بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندوویەتی.
لە نیسانی ئەم ساڵ، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگی وڵاتەکەی دژی رووسیا لە شوباتی 2022یەوە، 31 هەزار سەربازیان کوژراون، ئەمەش لە کاتێکدا ئەمریکا رایگەیاندووە، نزیکەی 100 هەزار سەربازی رووسی لەو جەنگەدا کوژراون.
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، لەو جەنگەدا زیاتر لە 10 هەزار سڤیلی ئۆکراینی کوژراون.