پاپای ڤاتیکان هۆشداری دەدات: نابێت رێگە بدرێت ژیریی دەستکرد لە مرۆڤەکان باڵاتر بێت
رووداو دیجیتاڵ
پاپای ڤاتیکان لە لووتکەی کۆمەڵەی حەوتدا جەخت لەسەر مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد دەکاتەوە و دەڵێت، نابێت ئامێرەکان دەستیان لە مرۆڤەکان باڵاتر بێت و بڕیار لەسەر ژیانیان بدەن.
رۆژی هەینی 14-06-2024 پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە کۆبوونەوەی گرووپی حەوت لە ئیتاڵیا لە گوتارێکدا باسی لە کاریگەرییەکانی فراوانبوونی ژیریی دەستکرد کرد. پاپا فرانسیس گوتی، "نابێت رێگە بدرێت دەستی ژیریی دەستکرد لە مرۆڤەکان باڵاتر بێت و زاڵ بێت."
پاپای 87 ساڵ گوتیشی، "ژیریی دەستکرد گۆڕانێکی سەردەمییانەی لە ژیانی مرۆڤایەتیدا کردووە؛ گرنگە لە نزیکەوە چاودێریی ئەو تەکنەلۆژیا خێرایە بکرێت، ئەوەش بۆ پاراستنی ژیان و شکۆی مرۆڤ. نابێت رێگە بدرێت هیچ ئامێرێک بڕیار بدات ژیانی مرۆڤێک لەنێو ببات."
گرووپی حەوت لە ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، کەنەدا و ژاپۆن پێکدێت.
دوێنێ هەینی سەرکردەی حەوت وڵاتەکە لە ئیتاڵیا کۆبوونەوە. جیۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا کە میوانداریی لووتکەکەی کرد، جگە لە سەرکردەی شەش وڵاتەکەی دیکە چەند سەرکردەیەکی دیکەی بانگێشت کردبوو لەوانەش سەرۆکوەزیرانی هیندستان و سەرۆکی تورکیا.
پاپا فرانسیس گوتی، دەکرێت ژیریی دەستکرد ببێتە هۆی بەخشینی سرووش و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و دانایی زیاتری جیهان، بەڵام "دەشکرێت ببێتە هۆی نادادپەروەری لەنێوان وڵاتانی پێشکەوتوو و تازە پێشکەوتوو یان لەنێوان چینە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگە".