رێکخراوی یونسێف: زیاتر لە 43 ملیۆن منداڵی ئاوارە لە جیهاندا هەن

15-06-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی پێشکێشکردنی هاوکاریکردنی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان - یونسێف، کە سەبارەت بە دۆخی منداڵانی جیهان بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، هەتا کۆتایی 2022 زیاتر لە 43.3 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا ئاوارەن و لەو ژمارەیەش لە 60%یان ئاوارەی نێوخۆی وڵاتەکانن، کە بەهۆی ململانێ و تووندوتیژییەوە ئاوارە بوون.
 
شەوی چوارشەممە 15ی حوزەیرانی 2023 رێکخراوی یونسێف، راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوەکەی تایبەت بە دۆخی منداڵان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زۆربەی منداڵانی ئاوارە، زۆربەی ژیانی منداڵییان لە ئاوارەییدا بەسەردەبەن و لە ماوەی 10 ساڵی رابردووشدا، ژمارەی منداڵانی ئاوارە دووقات بەرزبووەتەوە.
 
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە، دوو ملیۆن منداڵی ئۆکراینی ئاوارە و پەنابەر بوون.
 
کاترین رەسڵ، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی یونسێف لەبارەی دۆخی منداڵان لە 12 مانگی رابردوودا لە جیهاندا دەڵێت، "زیاتر لە دەیەیەکە، ژمارەی ئەو منداڵانەی ئاوارە بوون بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرزبووەتەوە و توانای جیهانیش بۆ بەهاناوەچوونیان بە شێوەیەکی جیدی لەژێر گوشاردایە. ئەو زیادبوونەش هاوکاتە لەگەڵ فراوانبوونی ململانێکان و کارەساتی گۆڕانی کەشوهەوا لە سەرانسەری جیهاندا."
 
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەی منداڵانی کۆچبەر و پەناخواز لە کۆتایی ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە 17.5 ملیۆن منداڵ، بەڵام لە راپۆرتەکەدا باس لە ئاماری نوێی منداڵانی ئاوارەی شەڕی نێوخۆی سوودان نەکراوە، کە زیاتر لە دوو مانگە سەریهەڵداوە.
 
بەگوێرەی ئاماری نوێی رێکخراوی یونسێف، کە لە راپۆرتەکەدا باسی لێوەنەکراوە، نزیکەی 940 هەزار منداڵ بەهۆی شەڕی نێوخۆی سوودانەوە ئاوارە و پەنابەر بوون.
 
هەروەها رێکخراوی یونسێف ئاماژە بەوەش دەکات، کارەساتە سرووشتییەکانی لە ئاکامی گۆڕانی کەشوهەوا بەتایبەتی لە وڵاتانی وەکو پاکستان و ژمارەیەک وڵاتانی ئەفریقا، تەنیا لە ساڵی 2022دا 12 ملیۆن منداڵی دەربەدەر کردووە.
 
یونسێف ئاماژە بەوەش دەکات، زۆربەی منداڵە ئاوارەکانی جیهان لە دۆخێکی دژواردا دەژین و زۆرینەشیان دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و خوێندن و چاودێریی تەندروستی ناگات.
 
لە درێژەی قسەکانیدا بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی یونسێف دەڵێت، "ویستێکی زیاتری سیاسیی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاوارەبوون و دۆخی منداڵان. ژمارەی پێوانەیی منداڵانی ئاوارە کە ژمارەکەی هاوشێوەی ژمارەی دانیشتووانی جەزائیر، ئەرژەنتین و ئیسپانیایە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا