نەتەوە یەکگرتووەکان: پار نزیکەی 80 ملیۆن کەس لە نێوخۆی وڵاتان ئاوارە بوون
رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا رایدەگەیێنێت، ئاوارەی نێوخۆیی ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە و پار گەیشتووەتە 79.5 ملیۆن کەس.
رۆژی چوارشەممە 15ی ئایاری 2024 رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پار نزیکەی 47 ملیۆن کەسی دیکە لە نێوخۆی وڵاتەکانیان ئاوارە بوون، بەوەش ژمارەی ئاوارەی نێوخۆیی گەیشتووەتە 75.9 ملیۆن کەس.
لە کۆتایی ساڵی 2022، ئاوارەی نێوخۆیی 71.1 ملیۆن کەس بووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، 68.3 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی جەنگ و تووندوتیژییەوە ئاوارە بوون و 7.7 ملیۆن کەسی دیکەش بەهۆی کارەساتە سرووشتییەکان.
ئوگۆچی دانیاڵز، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە راپۆرتەکەدا دەڵێت، "لە کاتێکدا جیهان سەرقاڵە بە جەنگ و کارەساتەکان، ئاوارەبوونی 47 ملیۆن کەسی دیکە چیرۆکێکی ترسناکە."
لە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە، جەنگ و تووندوتیژییەکان هۆکاری بنەڕەتیی ئاوارەبوونی نزیکەی 20.5 ملیۆن کەس بوون لە ساڵی 2023دا.
نزیکەی 30%ی ئەوانەی پار بەهۆی جەنگەوە ئاوارە بوون لە سوودانن و 17%شیان لە غەززەن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ساڵی 2023 زریانی فێدی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەفریقا، بوومەلەرزەکانی سووریا و تورکیا و زریانی مۆکا لە هیندستان، بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی 26.4 کەس.
نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات لە ئەم ساڵدا ژمارەی ئەو کەسانەی لە نێوخۆدا ئاوارە دەبن زیاتر بێت، هۆکارەکەشی بۆ زیادبوونی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا گەڕاندووەتەوە، کە هۆکاری زیادبوونی کارەساتە سرووشتییەکانن.