رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە دانیشتنی رۆژی سێشەممەی دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە نیویۆرک ئامادە بوو، پێش بەشداریکردنیشی لەو دانیشتنە رایگەیاند، "دادگە لە ئەمریکا خراوەتە خزمەت جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا و دژی ترەمپیش بەکاردێت."
رۆژی سێشەممە مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە سەر بە پارتی کۆمارییەکانە، بۆ 17مین رۆژی دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئامادەی دانیشتنەکە بوو و رایگەیاند، لە ئەمریکا دادگەکان کراونەتە ئامرازی سیاسی بۆ دژایەتیکردنی ترەمپ.
لەبارەیەوە جۆنسن لەبەردەم دادگەکە رایگەیاند، "سیستمی دادوەری لەم وڵاتە هەموو ئامرازێکیان گرتووەتەبەر بۆ سزادانی سەرۆکێک و دروستکردنی قەڵخانێک بۆ سەرۆکێکی دیکە."
جۆنسن یەکەم بەرپرسی باڵای کۆمارییەکانە بەشداریی ئەو دادگاییکردنە بکات، کە تایبەتە بە تۆمەتی بەرتیلدانی ترەمپ بە کچە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان بەناوی ستۆرمی دانیاڵس، کە ترەمپی تۆمەتبار کردووە بەوەی لە بەرامبەر بە نهێنی هێشتنەوەی پەیوەندییەکانیان و بێدەنگ بوونی، 130 هەزار دۆلاری داوەتێ.
لە ماوەی دوو رۆژی رابردووشدا مایکڵ کۆهین، پارێزەری پێشووی ترەمپ، لەلایەن دادگەوە گوتەی لێ وەرگیرا و تیایدا کۆهین ترەمپی تۆمەتبار کرد بەوەی لەسەر فەرمانی ئەو، ئەو بڕە پارەیەی بە دانیاڵس داوە بۆئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئاشکرا نەکات، کە دانیاڵس دەڵێت، "لە ساڵی 2006 پەیوەندییان هەبووە."
هەروەها سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پاڵپشتی خۆی بۆ ترەمپ دووبارە کردەوە و رایگەیاند "ترەمپ بێتاوانە و ئەوە روون و ئاشکرایە کە سیستمی دادوەری لەم وڵاتەی ئێمەدا کراوەتە ئامرازێک بۆ دژایەتیکردنی ترەمپ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ