یەکەم دیبەیتی ئەمساڵی ترەمپ و بایدن لە حوزەیران دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی دەڵێت دیبەیتی 2024ـی نێوان بایدن و ترەمپ لە حوزەیران و ئەیلوولی ئەمساڵ لە ستۆدیۆی سی ئێن ئێن "بەبێ ئامادەبوونی خەڵک" دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 15-05-2024 کەناڵی سی ئێن ئێن رایگەیاند، یەکەم دیبەیتی فەرمیی نێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن لە 27ـی حوزەیران لە شاری ئەتڵانتا لە ویلایەتی جۆرجیا دەکرێت. میدیا ئەمریکییەکە دەڵێت، دیبەیتەکە لەنێو ستۆدیۆی سی ئێن ئێن بەبێ ئامادەبوونی خەڵک دەکرێت، دیبەیتی دووەمیشیان 10-09-2024 دەکرێت.
 
راگەیێندراوەکەی سی ئێن ئێن دوای ئەوە هات؛ جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای راگەیاند "با دیبەیتێک بکەین." ترەمپیش وەڵامیدایەوە و گوتی "رازیم."
 
لەبارەی هۆکاری ئامادەنەبوونی خەڵک لە ستۆدیۆ، سی ئێن ئێن دەڵێت "بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هەردوو قسەکەرەکە زۆرترین کاتیان دەبێت بۆ قسەکردن."
 
بایدنی 81 ساڵ مەرجەکانی خۆی بۆ دیبەیتەکە داناوە، لەوانە چەند کات بۆ هەر یەکێکیان بێت و هیچ کەسێک راستەخۆ لە ستۆدیۆ ئامادە نەبێت. ترەمپ بە مەرجەکان رازی بووە، بەڵام گوتی "بایدن لە قەرەباڵخی دەترسێت."
 
جۆ بایدن، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "دۆناڵد ترەمپ لە 2020 دوو دیبەیتی بەرامبەر من دۆڕاند. لەوکاتەوە ئامادە نەبووە دیبەیتم لەگەڵدا بکات، ئێستاش بەجۆرێک دەردەکەوێت وەک بیەوێت دیبەیتم لەگەڵ بکات. زۆرباشە، با بیکەین هاوڕێ. با رۆژەکان هەڵبژێرین، گوێم لێبووە چوارشەممان بەتاڵی."
 
بایدن دەڵێت: "من دوو دیبەیت دەکەم."
 
بایدن پێشنیازی کردووە، دەیبەیتێک لە حوزەیران و دیبەیتێکی دیکە لە ئەیلوولی 2024 بکەن. سی ئێن ئێن دەڵێت ترەمپ بە هەردوو دیبەیتەکە رازی بووە.
 
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تایبەت بەخۆی کە ناوی (The Truth Social) بوو و رایگەیاند،  رایگەیاند: "ئامادەم بۆ زۆرانبازییەکە."
 
ترەمپ هەروەها نووسی "بایدن خراپترین کەسە بۆ دیبەیت کە تائێستا بینیبێتم. من پێشنیاز دەکەم زیاتر لە دوو دیبەیت بکەین، بۆ مەبەستی خۆشیش هیوادارم خەڵکی زۆر ئامادەن، هەرچەندە بایدن لە قەرەباڵخی دەترسێت."
 
ترەمپ پێشتر چەندین جار ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی "لە هەرکات و شوێنێک بێت" دیبەیت لەگەڵ بایدن بکات و "بیسەلمێنێت ئەو پیر و بێتوانایە بۆ سەرکردایەتیکردن." ئەمە وەک خۆی دەیڵێ.
 
بایدن و ترەمپ پێشتر دوو دیبەیتیان کردووە، یەکەمیان 29-09-2020 و دووەمیشیان لە 22-10-2020.
 
لە دیبەیتەکەی 2020، ترەمپ چەند جارێک قسەی لەسەر قسەی بایدن کرد، بۆیە بایدن پێیگوت "ئەرێ دەکرێ دەمت داخەی؟"
 
سەرچاوەیەک ئاشکرای کردووە، بۆ دووربوون لەو کێشەیە، لە دیبەیتەکانی ئەمساڵ هەرکاتێک کەسێک قسەی تەواو بوو، مایکرۆفۆنەکەی دەکوژێندرێتەوە.
 
شەڕی بایدن و ترەمپ لەسەر بەدەستهێنانی کورسیی سەرۆکی ئەمریکایە. بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
 
لەلایەک، جەنگی ئۆکراینا-رووسیا، جەنگی غەززە و ناسەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوانەیە زیان بە بایدن بگەیێنێت. لەلایەکی دیکە، ترەمپ نزیکەی سێ هەفتەیە بەهۆی چەند کەیسێکەوە لە دادگەیە، لەوانەش هەبوونی پەیوەندیی سێکسی لەگەڵ ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان.
 
راپرسییەکان لە بەرژەوەندیی ترەمپن. دوایین داتاکان لەئەنجامی کۆمەڵێک راپرسی کە لە 13-05-2024 بڵاوکراوەتەوە، پیشانی دەدەن، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بکرێت، ترەمپ 46٪ و بایدنیش 44.9٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.