لە بەریتانیا کۆچبەران لە ترسی ناردنیان بۆ رواندا ناچنە چاوپێکەوتنەکانی وەزارەتی ناوخۆ
رووداو دیجیتاڵ
کاتێک کیدیسی ئەریتریایی لە ساڵی 2022 بە بەلەمێکی بچووک پەڕییەوە بۆ بەریتانیا، حکومەتی ئەو وڵاتە رایگەیاندبوو، پلانی ناردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا هەیە، بەڵام کیدیس دەڵێت، قاچاخچییەکە پێی گوتووە ئەوە کێشە نییە و نیگەران نەبێت.
دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە گەیشتنی بە بەریتانیا، ئێستا ئەو کۆچبەرە ئەفریقییە دەترسێت رەوانەی رواندا بکرێت. کیدیس دەڵێت، ترسی لەوەش هەیە بچێتە ئەو چاوپێکەوتنانەی کە وەزارەتی ناوخۆ بۆی داناون، چونکە هەفتەی رابردوو هاوڕێیەکی چووە و دەستگیرکراوە. ئێستاش چاوەڕێییە حکومەت بینێرێت بۆ رواندا.
ناهۆم، کۆچبەرە و ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو شوێنەی ئێمەی لێین وەکو دۆزەخ وایە و هیچ حەزمان بەو شوێنە نییە، بەڕاستی من نیگەران و دڵەڕاوکێیەکی زۆرم بۆ ئەو دۆخەی ئێستا هەیە.. ئەوان دەتوانن جەستەم ببەنە رواندا بکەن، بەڵام ناتوانن من بە زیندوویی رەوانە بکەن."
حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، لە قۆناخی یەکەمدا 5 هەزار و 700 کۆچبەر رەوانەی رواندا دەکەن، بەڵام تائێستا زیاتر لە نیوەی ئەو کۆچبەرانە خۆیان لە حکومەت شاردووەتەوە.
نوورا، یەکێکی دیکەیە لەو کۆچبەرە ئەریتریانەی کە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا داوای چاوپێکەوتنی لێکردووە، بەڵام ئەویش دەترسێت دەستگیربکرێت و بنێردرێت بۆ رواندا. ئەو دەڵێت، "ئەگەر من رەوانەی رواندا بکەن لەوانەیە بمرم، لەبەرئەوەی رواندا وڵاتێکی سەلامەت نییە، رواندا لەگەڵ ئەریتریا هیچ جیاوازییەکی نییە و هیچ سەلامەت نییە."
دوو هەفتەیە حکومەتی بەریتانیا پلانی دەستگیرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بیاننێرێتە رواندا و هەر کۆچبەرێکیش بنێرێت بۆی نییە بگەڕێتەوە.
سەرەڕای ناڕەزایەتیی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی پەنابەران، حکومەتی بەریتانیا مکوڕە لەسەر بڕیارەکەی و دەیەوێت لە مانگی تەممووزدا دەست بە ناردنی کۆچبەران بکات.