حکومەتی سلۆڤاکیا: برینی سەرۆکوەزیران سەختە و ژیانی لە مەترسیدایە

15-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای تەقەکردن لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، حکومەتی سلۆڤاکیا رایگەیاند، تەندروستیی سەرۆکوەزیران خراپە و ژیانی لە مەترسیدایە.
 
رۆژی چوارشەممە 15-05-2024 رۆبەرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا تەقەی لێکرا و بریندار کرا. حکومەتی سلۆڤاکیا دەڵێت: "تەندروستیی سەرۆکوەزیران خراپە و مەترسیی لەسەر ژیانی هەیە. بۆ وەرگرتنی چارەسەر، ئەو بە هێلیکۆپتەر رەوانەی شاری بانسکا بیستریکا کراوە."
 
حکومەتی سلۆڤاکیا دەڵێت، سەرۆکوەزیران چەند گوللەیەکی بەرکەوتووە و رووداوی تەقەکردنەکە بە "هەوڵی تیرۆرکردن" ناودەبات.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە رۆبەرت فیکۆ لە شارۆچکەی هاندلۆڤا، 150 کیلۆمەتر لە براتیسلاڤای پایتەخت دوورە، کۆبوونەوەیەکی حکومی هەبوو. دوای دەرچوونی لە کۆبوونەوەکە، تەقەی لێکرا.
 
لە چەند ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکەوێت، چەند پاسەوانێک بە خێرایی فیکۆی 59 ساڵ دەخەنە نێو ئۆتۆمبێل. پۆلیسی سلۆڤاکیاش کەسێک دەستگیر دەکەن کە دەگوترێت تەقەی کردووە. 
 
رۆبەرتی فیکۆ لە ساڵی پارەوە بووەتە سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا و بەوە تۆمەتبار دەکرێت: "هاوپەیمان و هاوڕێی رووسیایە."
 
تەقەکردن لە رۆبەرت فیکۆ کاردانەوەی لێکەوتەوە. زوزانا کاپوتۆڤا، سەرۆکی سلۆڤاکیا رایگەیاند: "شۆکبووم. لەم کاتە سەختەدا هیوای بە‌هێزیی بۆ رۆبەرت فیکۆ دەخوازم. ئەوە هێرشێکی بێباکانە و دڕندانە بوو."
 
ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رایگەیاند: "بە هێرشە دڕندانەکەی سەر سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا شۆکبووم."
 
ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا گوتی: "سەرکۆنەی هێرشە خراپەکەی سەر سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا دەکەم."
 
لەلایەکی دیکە ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تووندووتیژییە دەکەین لە دژی دراوسێکەمان. پێویستە هەموو هەنگاوێک بنرێت بۆ ئەوەی رێگە لە ئاساییبوونی تووندوتیژیی هەر وڵاتێک بگیرێت."
 
لۆبۆس بلاها، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی سلۆڤاکیا لە دانیشتنی پەرلەمانی وڵاتەکەی، رووداوەکەی پشتڕاستکردەوە و دانیشتنەکەی هەڵوەشاندەوە.
 
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا هێرشەکەی بە "ترسنۆکانە" ناوبرد و سەرکۆنەی کرد. ئەو گوتی ئەمە هێرشێکە بۆ سەر دیموکراسی و ئازادی.
 
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند بە هەواڵەکە شۆک بووە و گوتی: "هیوای هێز و زوو چاکبوونەوە بۆ رۆبەرتی فیکۆ دەخوازم. بیرم لای ئەو و هەموو گەلی سلۆڤاکیایە."
 
دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا گوتی: "رۆبەرتی لەمکاتە سەختەدا بیرم لای تۆیە."
 
پێتر فیالا، سەرۆکوەزیرانی چیکیش گوتی "نابێت تووندوتیژی قبووڵ بکەین، تووندتیژی هیچ شوێنێکی لە کۆمەڵگە نییە."
 
سلۆڤاکیا دەکەوێتە نێوەڕاستی ئەورووپا و لەگەڵ هەریەک لە هەنگاریا، نەمسا، چیک، پۆڵەندا و ئۆکراینا هاوسنوورە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە