رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئایرلاند رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی لەکۆتایی ئەم مانگە دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا دەنێت.
رۆژی چوارشەممە 15ـی ئایاری 2024، مایکل مارتن، جێگری وەزیری دەرەوەی ئایرلاند بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "ئێمە پێش کۆتاییهاتنی ئەم مانگە دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێین".
لە ئاداری ئەمساڵدا، ئیسپانیا، ئایرلاند، سلۆڤینیا و ماڵتا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا دەنێن.
ئایرلاند چەندینجار رایگەیاندووە، ئەگەر دانپێدانانیان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین، یارمەتی کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات، ئەوا ئامادەن دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن.
کۆماری ئایرلاند وڵاتێكی سەربەخۆیە؛ ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە، دراوسێی هەرێمی ئایرلاندی باکوورە، کە بەشێکە لە بەریتانیا.
هەفتەی رابردوو جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا رایگەیاند، ئیسپانیا، ئایرلاند و سلۆڤینیا پلانیان هەیە، کە رۆژی 21ـی ئەم مانگە دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێن.
مانگی رابردوو، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا سەردانی ئایرلاندی کرد و لەگەڵ سایمۆن هاریس، سەرۆکوەزیرانی ئایرلاند کۆبووەوە و رایانگەیاند، بەیەکەوە کار لەسەر پرسی داننان بە دەوڵەتی فەلەستین دەکەن.
فەلەستینییەکانیش زیاتر لە 10 ساڵە داوایان پێشكێشکردووە بۆ ئەوەی ببنە ئەندامێکی تەواوەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
بەگوێرەی حکومەتی فەلەستینی، کە فەرمانڕەوایی بەشێکی کەرتی رۆژئاوا دەکات، 137 لە 193 ئەندامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن.
لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەفریقا و ناوچەکانی دیکە هەن، بەڵام ئەمریکا، کەنەدا، زۆربەی رۆژئاوای ئەورووپا، ئوسترالیا، ژاپۆن و کۆریای باشووریان تێدا نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ