رووداو دیجیتاڵ
لە نوێترین توێژینەوەدا کە لە زانکۆیەکی ئەڵمانیا بڵاوکراوەتە، دەرکەوتووە هاوینی رابردوو بە درێژایی 2000 ساڵی رابردوو گەمترین بووە.
رۆژی سێشەممە 14ی ئایاری 2024 کەشناسانی زانکۆی جۆهانس گەتینبێرگ لە ئەڵمانیا توێژینەوەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا رایانگەیاند، هاوینی 2023 گەرمترین هاوین بووە لەوەتەی پلەی گەرما لە ساڵی 1850 تۆمار کراوە.
یان ئێسپەر، کە سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەی کردووە، هۆکاری سەرەکیی گەرمبوونی زەویی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا گەڕاندووەتەوە، کە زۆربەیان بەهۆی مرۆڤەوە روویانداوە.
پسپۆڕانی ئەو زانکۆیەی ئەڵمانیا ئاماژەیان بەوەش کردووە، توانیویانە پلەی گەرمای باکووری نیوەگۆی زەوی پێش ساڵی 1850 وەربگرن، بەوەش دەرکەوتووە کە پلەی گەرمای پار بەرزترین پلەی گەرمای تۆمارکراو بووە.
زانایانی بواری گۆڕانی ئاو و هەوا کۆکن لەسەر ئەوەی لە ساڵانی 1850 بۆ 1900 تێکڕای گەرمیی سەر زەوی 13.5 پلەی سیلیزی بووە؛ ئەوەیان ناوناوە پلەی گەرمای بەر لە سەردەمی پیشەسازی.
بەر لە 2023، ساڵی 2016 بە گەرمترینی مێژوو دیاریکرابوو، کە تێکڕای گەرما تاوەکو 14.81 پلەی سیلیزی بەرزبووەوە.
پسپۆڕانی ئەو زانکۆیە پێیانوایە، "باشترین رێگە بۆ وەستاندنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ئەوەیە، دەستبەجێ دەردانی گازە زیانبەخشەکان بوەستێندرێن."
ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و دامەزراوەکانی تایبەت بە کەشوهەوا هۆشداری دەدەن، "ئەگەری هەیە ساڵی 2024 ریکۆردەکەی 2023 بشکێنێت."
رێکخراوی کەشناسیی جیهان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان – WMO بە هەمان شێوە هۆشداریی لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەدات و دەڵێت، لە چەند دەیەی داهاتوو، پلەی گەرمیی جیهان بە نزیکەی 0.9 بۆ 1.8 پلە لە تێکڕای ئاسایی خۆی زیاتر دەبێت.
پەیمانگەی پۆتسدامی ئەڵمانی، کە تایبەتە بە توێژینەوە لە کاریگەریی کەشوهەوا و ئەکادیمیای نیشتمانی بۆ زانست - NAS پێشبینی دەکەن 2024 ببێتە گەرمترین ساڵی مێژوو.
بەرپرسان پلەی گەرما بە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر تەندروستی دەزانن. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو 2030 مردن بە گەرما 70% زیاد دەکات و گەرما دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی زیاتر. ناوەندی پێشگرتن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکاش دەڵێت، نەخۆشییەکانی پەیوەست بە گەرما لە 2024 زۆر زیاتر دەبن.
لە دوایین رۆژی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە دووبەی، رۆژی 13-12-2023، نزیکەی 200 وڵات رێککەوتن لەسەر خۆبەدوورگرتن لە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردین کە نەوت و گاز و خەڵووز دەگرێتەوە، بەڵام دیار نییە ئایا بەرژەوەندییەکانیان رێگەیان پێدەدات بەزووی بیخەنە بواری جێبەجێکردن و زەوی لە گەرمبوونی زیاتر بپارێزن؟ ئەم پرسە تەنیا کات وەڵامیدەداتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ