رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا 17 رۆژە لە دادگەی ناوچەی مەنهاتنی نیویۆرک دادگایی دەکرێت. پاش نزیکەی سێ هەفتە، بەرپرسانی کۆمارییەکان پشتگیریی خۆیان بۆ بەربژێرەکەیان دەربڕی و دادگاییکردنی ترەمپ بە "دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا" ناودەبەن.
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت، "ئەم دادگاییکردنانە، هەموویان ئامانجی سیاسییان هەیە. دەستوەردانە لە هەڵبژاردن و ئاماژەیەکیشە بەوەی لایەنی بەرامبەر بێهیوا بوون بەرامبەر سەرۆک ترەمپ و بێهیوابوونی خۆیان سەلماندووە."
نزیکەی سێ هەفتەیە، ترەمپ لەسەر تۆمەتی ساختەکردنی کارە بازرگانییەکانی و پێدانی 130 هەزار دۆلار وەکو بەرتیل بە ئەکتەرێکی فیلمە رووتەکان، تاوەکو قسە لەسەر پەیوەندییە نهێنییەکانیان نەکات، دادگایی دەکرێت.
ئەو دادگاییکردنە لە کاتێکدایە، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کەمتر لە شەش مانگی ماوە و ترەمپیش کەیسە یاساییەکان بە سیاسی ئەژمار دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند، "هەرگیز شتی لەم جۆرە لە مێژووی ئەم وڵاتە رووینەداوە. ئەمە ئابڕووچوونە و دەستوەردانە لە هەڵبژاردن لە ئاستێکدا کە هەرگیز نەبیندراوە."
جگە لە کەیسی بەرتیلدان، ترەمپ سێ کەیسی یاسایی دیکەشی لەسەرە و تۆمەتبارە بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020، کە لە بەرامبەر بایدن دۆڕاندی.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "بێگومان ساڵی 2024 ساڵی هەڵبژاردنە و پرسی تەمەن گەرمترین پرسە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، من پیاوێکی کامڵم و رووبەڕووی تەمەن شەش ساڵانێک بوومەتەوە."
بەگوێرەی نوێترین راپرسی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، لە شەش ویلایەتە گرنگەکانی ئەمریکا ترەمپ بە جیاوازیی 2% لەپێش بایدنە و پێشبینی کراوە 47%ی دەنگەکان بۆ ترەمپ بێت بەرامبەر بە 45% بۆ بایدن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ