ئەمریکا: هەرێمی کوردستان دوورە لە شەڕی مەزهەبی؛ "حەشد خەڵک ئەشکەنجە دەدات و پەکەکەش منداڵ دەڕفێنێت"


رووداو دیجیتاڵ  

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەبارەی رەوشی ئازادیی ئایینی، بە ئەرێنی باسی هەرێمی کوردستان دەکات. هاوکات رەخنە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی دەگرێت لە بەرامبەر مامەڵەیان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە. پەکەکەش تۆمەتباردەکات بە رفاندن و بەسەربازکردنی منداڵانی کوردی ئێزدی لە شنگال.
 
رۆژی دووشەممە 15-05-2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی رەوشی ئازادیی ئایینیی جیهانی بۆ ساڵی 2022 بڵاوکردەوە. 
 
راپۆرتەکە دەڵێت: پار لە عێراق"کۆتوبەندەکانی سەر ئازادیی ئایینی بەشێوەیەکی بەربڵاو مانەوە، تەنیا لە کوردستان نەبێت،" هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە شەڕی مەزهەبیی گرووپە چەکدارەکان "لەسەرانسەری عێراق، بێجگە لە هەرێمی کوردستانی عێراق" بەردەوامبووە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە پشتبەستن بە قسەی سەرکردە ئایینییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان دەڵێت: "هێزە ئەمنییەکانی عێراق تووندوتیژی و هەراسانکارییان بەرامبەر ئەندامانی پێکهاتە کەمینەکانی دیکە بەکارهێناوە."
 
راپۆرتەکە لە کاتی باسکردنی پێشێلکاریی دژی پێکهاتەکان، لە چەندین شوێندا ئاماژە بەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان لەو پێشێلکارییانە بە دوور بووە، بەڵام رەخنە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەگرێت و دەڵێت: "وەکو ساڵانی رابردوو، راپۆرتی بڕواپێکراو هەبوون لەسەر ئەوەی کە هێزە حکومییەکان، لە نێویاندا پۆلیسی فیدراڵی، ئاسایشی نیشتمانی و حەشدی شەعبی، مامەڵەی خراپیان لەگەڵ خەڵکدا کردووە و ئەشکەنجەیان داون، بە دیاریکراویش خەڵکی عەرەبی سوننە."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاوکات تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە حەشدی شەعبی "هەراسانکردنی زارەکی و مامەڵەی خراپی جەستەیی" لە بەرامبەر کوردانی ئێزدی و کریستیانەکان بەکارهێناوە، دەشڵێت، "لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەندامانی پێکهاتە کەمینەییەکان، لەنێویشیاندا کریستیان و ئێزدییەکان، رایانگەیاند کە وێڕای هەراسانکردنیان بە شێوەیەکی زارەکی لە لایەن دامودەزگە خۆجێیەکانەوە، حکومەتی ناوەندی بەشێوەیەکی گشتی دەستوەردانی نەکرد."  
 
راپۆرتەکە هەروەها وەبیری دەهێنێتەوە کە "تشرینی دووەم [2022]، پەرلەمانتارە سوننەکان هۆشدارییان دا کە هێزەکانی حەشدی شەعبی و میلشیاکانی لایەنگری ئێران، بەردەوامن لە رێگریکردن لە گەڕانەوەی ئاوارە سوننە مەزهەبەکانی پارێزگەکانی سەڵاحەدین، دیالە و نەینەوا."
 
"پەراوێزخستنی" کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان
 
وەزارەتەکە دەڵێت، دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراق لە تشرینی یەکەمی 2021 و قۆناخی ئاڵۆز و چەقبەستووی پێش پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی، "سەرکردەی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتدا پەراوێزخرابوون." 
 
هاوکات راپۆرتەکە لەسەر زاری سەرکردەی پێکهاتەکان، ئاماژە بەوە دەکات، پارتە کوردی و شيعەکان رێگەیان بە نوێنەرانی راستەقینەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەکان نەداوە بچنە پەرلەمان، بەڵکو کورسی کۆتایان بە بەربژێرە دڵخوازەکانی خۆیان پڕکردووەتەوە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە دەڵێت: "زۆر سەرکردەی پێکهاتە کەمینەکان گلەیی ئەوەیان دەکرد کە پارتە گەورە و بەهێزەکان، بە زۆری پارتە شيعە و کوردەکان، لە پشتیوانیکردنی بەربژێرە دڵخوازەکانی خۆیان بۆ کورسییەکانی کۆتای پێکهاتە کەمینەکان سەرکەوتوو بوون."
 
رەوشی شنگال، پەکەکە و "رفاندنی منداڵان"
 
راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "ئەندامانی پێکهاتە کەمینەکان، لە نێویاندا کرستیانەکان و ئێزدییەکان، باسیان لەوە کرد، هەبوونی هێزە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە [...] و حەشدی شەعبی لە شنگال و نەینەوا لە پاڵ هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی تورکیا کە گوایە پێگەکانی پەکەکە بە ئامانج دەکەن، بەردەوامبوون لە دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی دانیشتووان و بەربەست بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان."
 
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە: "کۆمەڵگەی ئێزدی لە شنگال مانگی نیسان [2022] رایانگەیاند، کە لەو کاتەوەی داعش لە ساڵی 2015 لە شنگال بەزێنراوە، پەکەکە سەدان منداڵی ئێزدی رفاندووە بۆ ئەوەی بیانکاتە چەکدار و رووبەڕووی 'مێشکشۆردنەوەی ئایدۆلۆجی'یان کردوونەتەوە."
 
راپۆرتەکە هەروەها ئاشکرای دەکات کە ئەو منداڵە کوردە ئێزدییانەی دوای دەستدرێژی سێکسیی چەکدارانی داعش بۆ سەر دایکیان لەدایکبوون، رووبەڕووی "شوێنبزکردن" بوونەتەوە. 
 
لە روونکردنەوەی ئەو بابەتەدا هاتووە: "تشرینی دووەم [2022]، شاندێک بە نوێنەرایەتیی لیژنەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شوێنبزرکردنی بەزۆر، سەردانی وڵاتەکەی کرد و راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت، شاندەکە 'زانیاریی نیگەرانکەری لەبارەی شێوازەکانی شوێنبزرکردن و شوێنبزرکردنی بەزۆری کۆکردەوە کە ئێستا لە پارێزگا جیاجیاکاندا روودەدەن [...] لەنێویشیاندا شوێنبزرکردنی بەزۆری منداڵان، بەتایبەتیش ئەوانەی بە رەچەڵەک ئێزدین و لە دوای دەستدرێژیی سێکسیی داعش بۆ سەر دایکیان، لەدایکبوون." 
 
راپۆرتەکە بە گەڕانەوە بۆ ئامارەکانی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی کە سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، دەڵێت: "دوو هەزار و 693 ئێزدی لە دوای هێرشی داعش لە ساڵی 2014 بۆ سەر باکووری وڵاتەکە، بە بێسەروشوێنی ماونەتەوە، ئەوە بەراورد بە ساڵی 2021 کە ژمارەیان دوو هەزار و 763 کەس بوو."
 
جووەکان و پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل 
 
راپۆرتەکە باس لەو یاسایە دەکات کە ئایاری 2022 لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە تێپەڕێندرا کە سزای تووندی تاوەکو مردن بۆ ئەو چالاکییانە دادەنێت کە هانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دەدەن. 
 
یاساکە بەسەر هاووڵاتییان، بەرپرسان و دامەزراوەکانیشدا دەسەپێندرێت، "بۆ بیانییەکانیش قەدەخەیە لە نێو وڵاتەکەدا هانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بدەن."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، یاسای عێراق "چوونە نێو ریزەکانی سوپا یان کارکردن لە کەرتی گشتیدا لە جووەکان قەدەخە دەکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسا دژە ئیسرائیلییەکانی حکومەتی ناوەندی جێبەجێ ناکات و لەبری ئەوە پشت بە یاسایێکی جیای هەرێمی کوردستانی عێراق دەبەستێت، کە پاراستن بۆ مافەکانی ئەندامانی گرووپە کەمینە ئایینەییەکان بە جووەکانیشەوە دابیندەکات، هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە "وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێک لە هەشت بەشەکانی تەرخانکردووە بۆ کاروباری جووەکان."