مانگێک بەسەر شەڕی سوودان تێدەپەڕێت و کۆتاییەکەی دیارنییە

رووداو دیجیتاڵ
 
مانگێک بەسەر شەڕی سووداندا تێدەپەڕێت و هیچ ئاسۆیێکی گەش دیارنییە شەڕەکە کۆتایی بێت، هەزاران خێزان ئاوارە و دەربەدەرن، خەرتوومی پایتەخت بەشی زۆری چۆڵکراوە و شەڕ بە بیابانەکانی دەوروبەری بڵاوبووەتەوە.
 
شەڕ و پێکدادانی سوودان لە 15ـی نیسانی 2023 لەنێوان سوپای سوودان و هێزی پشتیوانیی خێرا سەریهەڵدا، دوای ئەوەی عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکی حکومەتی کاتیی سوودان و محەممەد حەمدان دەگەلۆ، فەرماندەی هێزی پشتیوانیی خێرا، کە هاوکات جێگری بورهان بوو، لێکترازان و شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانیان دروستبوو. 
 
ئێستا، دوای مانگێک لە دەستپێکی شەڕەکە، ئەوانەی لە خەرتووم ماونەتەوە، لە ماڵەکانیان نایەنە دەرەوە و خۆیان لەنێو ماڵ و دیوارە کۆنکرێتییەکان حەشارداوە و ترسیان لە فیشەکە کوێرە و تەقەی هەڕەمەکی هەیە، خواردن و خواردنەوە لە کورتهێنانە و رێگەی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکانیش زەحمەتی تێکەوتووە.
 
کارەبا لە بڕانە و وڵاتەکە دووچاری کورتهێنان لە پارەی کاش بووەتەوە. هاوکات، ئامرازەکانی پەیوەندیکردن بڕاون و هەڵاوسانیش لەبەرزبوونەوەدایە.
 
خەرتوومی پایتەخت کە شوێنی نیشتەجێبوونی پێنج ملیۆن کەسە و دەکەوێتە سەر  رووباری نیل، ئەو ئارامییەی نەما کە چەندین ساڵە سەرەڕای گەمارۆکان بەخۆیەوە بینیبووی. 
 
فرۆکەخانەی خەرتووم زیانی زۆری بەرکەوتووە و باڵیۆزخانەی وڵاتان بەشێکیان چۆڵکراون؛ رێکخراوە مرۆییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن نەخۆشخانە، بانک و دووکانەکان داخراون و سایلۆکانی گەنمیش بەشێکی زۆریان تاڵانکراون.
 
زۆربەی فەرمانگەکانی حکومەتی سوودان نووسینگەکانیان گواستووەتەوە شاری بەندەری سوودان کە 850 کیلۆمەتر لە پایتەختەوە دوورە و بووەتە دەروازەی راکردنی خەڵک لە وڵاتەکە.
 
بەگوێرەی Armed Conflict Location کە ماڵپەڕێکی کۆکردنەوەی زانیارییە لەبارەی جەنگ، شەڕ و پێکدادنەکان؛ شەڕی سوودان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 750 کەس، هەزاران کەسی دیکە برینداربوونە و نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەربەدەر بوون، کە خەڵکێکی زۆر بە هاووڵاتییانی نێوخۆیی و بیانی روویان لە وڵاتانی میسڕ، ئەسیوپیا، چاد و سوودانی باشوور کردووە.
 
نرخی هەندێک خۆراک چوار هێندە بەرزبووەتەوە و نرخی سووتەمەنیش 20 هێندەی بەر لە شەڕ و پێکدادان، بەرزبووەتەوە.
 
وێڕای ئەوەی چەند جارێك ئاگربەستی شەڕ راگەیێندراون، زۆربەی جار پێشێلکراون، هیوای کۆتاییهاتنی شەڕەکە لای خەڵکی لاواز بووە. هاوکات، شەڕەکە نەهامەتییەکانی سەر 45 ملیۆن هاووڵاتیی وڵاتەکەی زیاترکردووە کە بەیەکێک لە هەژارترین وڵاتانی جیهان دادەندرێت.
 
سەرەڕای پێکدادانی قورس و بەکارهێنانی فرۆکەی جەنگی، هیچ کام لە هێزەکان نەیانتوانیوە دەستکەوتی جەنگی بۆخۆیان پشتڕاستبکەنەوە.
 
دەستوەردانی دەرەکی
 
بەگوێرەی سەنتەری توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان، سوپای سوودان لەلایەن میسرەوە پاڵپشتیی دەکرێت و هێزی پشتیوانیی خێراش لەلایەن ئیمارات و چەکدارانی بیانی، هەر بەگوتەی ئەو سەنتەرە، گرووپی ڤاگنەر راستەوخۆ بەشداری شەڕەکە نییە، بەڵام "راوێژکاری تەکنیکیان هەیە".
 
ئاڤریل هاینیس، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی نیشتمانی ئەمریکا سەرەتای مانگی ئایار بە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکای راگەیاند کە هۆکارێکی کۆتایینەهاتنی شەڕەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە "هەردوولا باوەڕیان وایە؛ شەڕەکە دەبەنەوە."
 
شەڕ و پێکدادان لە سوودان قەیرانی مرۆیی قووڵکردووەتەوە، ئەمە لەکاتێکدا لە وڵاتەکە لە هەر سێ کەس، یەکێکیان پشت بە هاوکاریی مرۆیی دەبەستێت.
 
لەو رۆژەی شەڕ و پێکادادنیش هەڵگیرساوە، بەردەوام بەمەبەستی تاڵانکردن، هێرشکراوەتە سەر کاروانە مرۆییەکان و 18 کرێکاری رێکخراوە مرۆییەکانیش کوژراون، نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری داوە، تا 6 مانگی دیکە لەوانەیە 19 ملیۆن کەس دووچاری نەبوونی ئاسایشی خۆراک ببنەوە.