کوردێک بەرپرسی پلاندانانی رێگەوبان و هاتووچۆی شارێکی ئەڵمانیایە


رووداو دیجیتاڵ 

مستەفا رەسوول لە ساڵی 2006ـەوە لە ئەڵمانیایە، لە ماوەی هەشت ساڵدا توانیویەتی خۆی فێری زمانی ئەڵمانی بکات و  بڕوانامەی ماستەر لە بواری رێگەوبان و هاتووچۆ بەدەستبهێنت، ئەو ئێستا بەرپرسی پرۆژەکانی رێگەوبان و هاتووچۆیە لە شارەوانیی شاری ڤیتن لە ئەڵمانیا.
 
مستەفا بە رووداوی گوت، "من سەرپەرشتیی هەموو ئەو شەقام و کۆڵانانە دەکەم کە لە شاری ڤیتنە. چاککردنەوە، پەرەپێدان و دروستکردنی شەقامی نوێیش ھەر کاری منە. ئێمە سێ گرێبەستمان هەیە لەگەڵ سێ کۆمپانیا کە ساڵانەیە، یەکێکیان بۆ هێماکانی هاتووچۆیە یەکێکی دیکەشیان بۆ هێڵکاریی شەقامەکانە و دواھەمینیشیان ئەگەر شەقامەکە خراپبێت، ئەوە دەبێت چاکی بکەنەوە."
 
مستەفا دەڵێت، دەبێت خۆی سەرپەرشتیی هەموو ئەو کارانە بکات. دەبێت دڵنیاش بێت ئەو کۆمپانیایانە بەپێی نۆرم و ستانداردی ئەڵمانیا کار دەکەن. هاوکات سەرپەرشتیی بودجەی پرۆژەکانیش دەکات. 
 
ئەو هاونیشتمانییەی دانیشتووی ئەڵمانیا لە تەمەنی 40 ساڵیدا کاتێک بڕوانامەی ماستەری لە رێگەوبان و هاتووچۆ بەدەستهێنا، لە بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەرێمی نۆردرایڤەشتڤالن وەک سەرپەرشتیاری پرۆژەکانی ئۆتۆبان دەستبەکاربوو. دوای چوار ساڵیش لەو کارە، بڕیار دەدات بچێتە شارەوانیی شاری ڤیتن و هەر لەوێش بووەتە بەڕێوەبەری رێگەوبانی شارەکە. 
 
جان راتز، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هاتووچۆی شاری ڤیتن ـە، دەڵێت، "مستەفا هاوکارێکی زۆر بەڕێزە و خۆی باش گونجاندووە لە تیمەکەماندا و خاوەنی ئەزموونێکی زۆر باشە و کارەکانی بەڕاستی زۆر بە باشی بەڕێوەدەبات. هاوکارەکانی زۆر رێز لە کارەکانی دەگرن. لەگەڵ کۆمپانیاکان زۆر بە باشی مامەڵە دەکات و ئێستاش سەرپەرشتیاری چەندین پرۆژەیە و هەمووشی بە سەرکەوتووانە جێبەجێ دەکات. بۆ ئێمەش بووەتە مایەی دەوڵەمەندکردنی تیمەکەمان." 
 
مستەفا لەو شارەدا بەرپرسە لە 340 کیلۆمەتر شەقام و زیاتر لە 9600 هێمای هاتووچۆ. رووداو لەگەڵیدا دەچێتە سەر ئەو پرۆژانەی کە ئەو بەرپرسە لێیان. لە شەقامێک فەرمانگەی ئاو بۆڕییەکانی دەگۆڕێت، پاشان مستەفا بەرپرس دەبێت لە نۆژەنکردنەوەی شەقامەکە.
 
بە بۆچوونی مستەفا گواستنەوەی ستاندارت و ئەزموونی سەرکەوتووی رێگەوبان و هاتووچۆی ئەڵمانیا بۆ کوردستان "کارێکی ئاسانە". دەڵێت، "بەڕاستی ئێمە لە کوردستان هیچ ستانداردمان نییە، دەڵێن ئەوەی ئێستا ھەیە ئەمریکییە، بەڵام باوەڕناکەم وابێت."
 
لە ئەڵمانیا رێنمایی و دیزاینی تایبەت هەن بۆ رێگەوبانەکان. شەقامەکانی نێو شار جیاواز قیرتاو دەکرێن وەک لە شەقامەکانی نێوان شار و گوندەکان یان ئۆتۆبانەکان.