نەتەوە یەکگرتووەکان: هەڵبژاردن لە عێراق سەرکەوتوو بووە

رووداو - نیویۆرک

نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی عێراق بە سەرکەوتوو دەزانێ بۆ دەسپێکردنی قۆناخێکی دیکەی دیموکراسی و جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ ئاگاداری گازەندەکانی ساختەکارین، بەڵام ئەمە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووش هەبووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات هەرچی زووە دانووستاندن بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێبکرێ، هاوکات ئەگەری ئەوەشی داناوە ئەمریکا و ئێران نەگەنە لێکتێگەشتنێکی هاوبەش.
 
ئەمریکا، وڵاتە زلهێزەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراق بە سەرکەوتنێکی گەورە دەبینن. فەرهان هەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ "سکرتێری گشتی زۆر خۆشحاڵە کە هەڵبژاردنەکان لە عێراق ئەنجامدران. ئەمە هەنگاوێکی دیکەیە بۆ بەهێزکردنی دیموکراسیەت لە عێراق، ئێستا دەمانەوێت حکومەتێکی هەمەلایەنانە بە زووترین کات پێکبهێنرێت".

نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن، بەڵام لەبەرئەوەی چاودێریی هەڵبژاردنەکانی نەکردووە، ناتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ هەڵبژاردنەکان بکات.

جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ "ئێمە ئاگاداری ئەو گازەندە و تۆمەتانەی ساختەکارین. بەڵام ئەمە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووش هەبوو. دەمانەوێت دڵنیابین کە رێگا یاساییەکان بۆ لایەنە سیاسییەکان کراوەن بۆ گازەندە یاساییەکان".

هەروەها سەرچاوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند کە ئەمریکا و وڵاتە رۆژئاواییەکان هیوادارن بەزووترین کات ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبوڵبکرێت و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دەستپێبکات.

لەدوای تەواوبوونی شەڕی داعش، عێراق ئیدی ئەولەویەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نییە، بەڵام ئەو دیپلۆماتکارانەی کە رووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی لەگەڵ کردوون، هەموویان یەک نیگەرانییان هەیە: ئەویش ئەوەیە بە پێچەوانەی جارەکانی پێشوو لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ئەمریکا و ئێران وەکو جاران نەگەنە لێکتێگەشتنێکی هاوبەش، لە ئەنجامدا سەقامگیری عێراق بکەوێتە ژێر هەڕەشەوە.

لە ئەمریکا و وڵاتە رۆژئاواییەکانەوە بۆ رووسیا و ئێرانیش، هەموویان هاوڕا دەردەکەون، کە نایەنەوێت دۆخی سیاسی ئێستای عێراق گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا بێت.

عەلی بەرەدە، چاودێری نێودەوڵەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و شرۆڤەکاری سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت دەڵێ "چاککردنەوە و گۆڕان لەم دۆخەی ئێستای سیاسەتی ناوخۆی عێراق ئەولەویەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نابێت، تاوەکو ئەوکاتەی هاوکێشە نێودەوڵەتییە نوێیەکان لەناوچەکە رێکدەخرێت".

بەڵام مەرج نیە لە چوار ساڵی داهاتوودا، ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەکو جاران تەحەدای باڵادەستیی ئێران نەکەن لە عێراقدا. عەلی بەرەدە هەروەها دەڵێ "رۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا لەوانە لە عێراقیش هێشتا نیشانەی پرسیاری زۆری لەسەرە، من بەدووری نازانم کە لە قۆناخێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەرکیز لەسەر ئەم بابەتە بکات، بەتایبەتی لەسەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، کە دەیەوێت پەڕ و باڵەکانی ئێران لە ناوچەکە ببڕێت".

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار