بە نامەیەكی ستالین 86 هەزار كورد راگوازراون

15-05-2014
ساڵحێ كەڤربڕی
نیشانەکردن ستالین
A+ A-

رووداو- مۆسكۆ

بە فەرمانی جۆزێف ستالین و بە بیانووی "قاچاخچێتی" و "سیخوڕی بۆ توركیا"، هەزاران كورد لە خاكی ئەرمەنستان و ئازەربایجانەوە بۆ وڵاتانی قووڵایی یەكێتی سۆڤیەتی جاران راگوازراون. (رووداو) بۆ یەكەمجار ئەو نامەیەی ستالین بڵاودەكاتەوە كە بڕیاری راگواستنی كوردی تێدا دراوە.

كورد ماوەی 75 ساڵە لەسەر خاكی ئاسیای ناوەڕاست، بەتایبەتی كازاخستان، قیرغیزستان و ئۆزبەكستان دەژین. یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو لە 7ی حوزەیرانی ساڵی 1937 بڕیارێكی دەركرد بۆ راگواستنیان.

‌كۆتایی پایزی ساڵی 1937 بڕیارەكە جێبەجێ كراو هەزاران كورد لە ئەرمەنستان و ئازەربایجانەوە بەرەو كازاخستان‌ ‌گوازرانەوە. پاساوەكەش: "كەسانی لەم جۆرە جێی باوەڕ نین". 

خێزانە كوردەكان دەخرانە شەمەندەفەری تایبەت بە گواستنەوەی ئاژەڵ و كەلوپەل. بەپێی ئامارە نافەرمییەكان نزیكەی 200 هەزار كورد ئێستا لە كازاخستان، قیرغیزستان و ئۆزبەكستان دەژین. بەشێكی گەورە لە كوردی ئاسیای ناوەڕاست ئێستا لە كازاخستان نیشتەجێن كە بەشێكیان لەنزیك سنوورەكانی چین نیشتەجێن. شەپۆلی دووەمی ئەو راگواستنە لە ساڵی 1944دا لە سەرمای زستانی ئەو ساڵەدا بڕیاری لەسەر دەدرێ. (لاڤەرێنت بەریا)، كۆمیسیاری ناوخۆی گەل لە سۆڤیەتی سۆسیالیست كە هەندێكجار بە "پۆلیسی نهێنی" ناوی دەهێنرێت، نامەیەكی "زۆر گرنگ"  بۆ (جۆزێف ستالین)، سەرۆكی یەكێتی سۆڤیەتی سۆسیالیست دەنێرێت و تێیدا داوای قڕكردنی كورد دەكات. 
دەقی نامەكە بەم جۆرەیە:

24ی حوزەیرانی 1944
تەواو نهێنی!
لێژنەی پاراستنی دەوڵەت
بۆ هاوڕێ ستالین:

بەشێكی گەورە لە خەڵكی هەرێمەكانی كۆماری سۆڤیەتی سۆسیالیست بەهۆ‌ی ئەوەی لەسەر سنوورەكانی توركیا دەژین، پەیوەندی بە خزمەكانیانەوە دەكەن لە توركیا، هەم قاچاخچێتی دەكەن، هەمیش سیخوڕی بۆ توركیا دەكەن.

بۆ پاراستنی سنوورەكانی یەكێتی سۆڤیەتی سۆسیالیست، كۆمیسیاری ناوخۆیی گەل بەباشی دەزانێت كە 86 هەزار كورد، تورك و دانیشتووانی گوندەكانی رایۆن لە ئاخیسكا، ئادیگن، ئاخلكەلەك، ئاسپینزا و باگدانۆڤكایا لە جۆرجیا و كۆماری ئاجارستانی ئۆتۆنۆمی كە نزیكەی 16.700 خێزانن، بنێردرێن بۆ كۆمارەكانی سۆڤیەتی سۆسیالیست وەكو كازاخستان، ئۆزبەكستان و قیرغیزستان. لە ‌دەوروبەری ئەو سنوورانەدا لەلایەن كۆمیسیاری ناوخۆی گەلەوە رێكاری تایبەت وەردەگیرێت. لەبەر ئەوەش بۆ ئەوەی رەشنووسێك بۆ كۆمیتەی پاراستنی دەوڵەت بنێردرێت، تكامان ئەوەیە كە ئێوە بڕیارێك بدەن.


لەبەر رۆشنایی ئەو راپۆرتە‌ی كە كۆمیسیاری ناوخۆی گەل لە یەكێتی سۆڤیەتی سۆسیالیست ناردبووی، بڕیاری كۆمیتەی پاراستنی دەوڵەت لە ماوەی یەك هەفتەدا دەردەچێت.

رۆژنامەكانی رووسیا لە حوزەیرانی 1991 لەژێر ناوی "دۆسیە تایبەتەكانی ستالین" باسی وردەكارییەكانی ئەم بڕیارەیان كرد. بڕیارەكەی ستالین كە بووە هۆی كۆچكردن و مردنی هەزاران كورد و گەلانی دیكەی ناوچەكە، بەمشێوەیە بوو: 

بڕیاری كۆمیتەی پاراستنی دوڵەت
زۆر نهێنی!
مۆسكۆ– كرێملن
13ی حوزەیرانی 1944
ژمارە: 6279

بۆ ئەوەی سنووری دەوڵەتی جۆرجیای سۆڤیەتی سۆسیالیست پارێزراو بێت، كۆمیتەی پاراستنی دەوڵەت ئەم بڕیارەی دا:

86 هەزار كورد، تورك لە ئاخیلكەلەك، ئاسپینزا و باگدانۆڤكایای جۆرجیا لە كۆماری ئاجارستانی ئۆتۆنۆمی نیشتەجێن، 40 هەزاریان بەرەو كازاخستان و 30 هەزاری دیكەش بەرەو ئۆزبەكستان، 16 هەزاریش بۆ قیرغیزستان رەوانە بكرێن.

هاوڕێ (بەریا) لەسەر ناوی كۆمیتەی ناوخۆی گەل لە یەكێتی سۆڤیەتی سۆسیالیست كاری راگواستن تاوەكو مانگی 11ی 1944 تەواو بكات.

سەرۆكی كۆمیتەی پاراستنی دەوڵەت
ستالین

تاوەكو ساڵی 1956 دەرچوونی ئەو كوردە راگوازراوانە لە گوندەكانیان قەدەغە بوو. لەژێر چاودێری سوپادا و لەژێر ناونیشانی "پەنابەرە تایبەتەكان"دا مانەوە. ئەوەی سەرنجڕاكێشە، ئەو بارودۆخەیە كە كورد تووشی بووە و زۆربەیان نەبوونەتە‌ بەڵگەی فەرمی. بەڵام ئەگەر ببێتە بەڵگەش زۆر بەنهێنی و لە ‌ئەرشیفی سۆڤیەتی سۆسیالیستدا پارێزراون.

بەڵگەیەك كە ساڵی 1939 نووسراوە و ئاشكرابووە، بریتییە لە نامەیەكی ئاگاداركردنەوە لەلایەن بەرپرسە كۆمۆنیستەكانی كازاخستانەوە كە لە25ی ئاداری 1939 بۆ مۆلۆتۆڤ نێردراوە. مۆلۆتۆڤ سەرۆكی ئەوكاتی كۆمیسەرانی گەلانی یەكێتی سۆڤیەتی سۆسیالیست بوو. لە نامەكەدا بەمشێوەیە نووسراوە: "بەڕێوەبەرانی هەرێمەكانی كازاخستان هیچ یارمەتیەكیان بە كورد و ئەرمەنەكان نەداوە، پشتگیرییان نەكردوون و ژیانی ئابوورییان رێكنەخستوون."
جێی سەرنجە سەربازانی كورد كە بۆ بەرگری لە یەكێتی سۆڤیەت چووبوونە شەڕ، كاتێك لە ساڵی 1945دا دەگەڕێنەوە، خێزانەكانیان نادۆزنەوە و ئینجا دەزانن كە راگوازراون.

 كورد دوای هەردوو هەڵمەتی راگواستنی ساڵی 1937 و 1944، بۆ جاری سێیەم لەسەردەمی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستاندا لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ كە دوای هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت لە 1992 روویدا، روویانكردە لای خزم و ئامۆزاكانیان و لە كازاخستان جێگیر بوون. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە