سکرتێری گشتیی ناتۆ: پاڵپشتی لە هەوڵەکانی ترەمپ بۆ ئاشتی لە ئۆکراینا دەکەین

15-04-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری گشتیی ناتۆ دەڵێت، سەرکەوتنی هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ئۆکراینا "ئاسان نییە". سەرۆکی ئۆکرایناش داوای ئامادەکاری بۆ جێگیرکردنی هێزێکی بیانی ئاشتیپارێز لە ئۆکراینا دەکات.
 
رۆژی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لەکاتی سەردانیکردنی بەندەری ئۆدێسای ئۆکراینا باسی لە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەستی ئۆکراینا کرد و گوتی: "ئەم گفتوگۆیانە ئاسان نین، بەتایبەت دوای ئەو تووندووتیژییە مەترسیدارەی روویدا. ئێمە پاڵپشتی لە هەوڵەکانی سەرۆک ترەمپ بۆ ئاشتی دەکەین."
 
سەردانەی سکرتێری گشتیی ناتۆ دوای دوو رۆژ لە ‌هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر شاری سوومی لە باکووری ئۆکراینا هات کە تێیدا 35 کەس کوژران و 117 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناش گوتی: "بەریتانیا، فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ناتۆ چالاکانە زەوینە بۆ جێگیرکردنی هێزێکی ئەمنی لە ئۆکراینا خۆش دەکەن. گرنگە هەموومان بەخێرایی و بەشێوەیەکی کارا لەم پڕۆسەیەدا بین."
 
سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە ناتۆ کرد "بەپەلە" سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی بۆ وڵاتەکەی دابین بکات بۆ ئەوەی بتوانێت رێگە لە هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا بگرێ و ئاماژەی بەوەش کرد: "هەموو کەسێک دەبینێت کە ئۆکراینا چەندە پێویستی بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی هەیە."
 
جەنگی رووسیا و ئۆکراینا زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە و هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپیش بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بەردەوامن، بەڵام سەرەڕای دانوستاندنی بەردەوامی نێوان بەرپرسانی رووسیا و ئەمریکا، نەیتوانیوە هیچ سازشێکی گەورە بە کرێملین بکات.
 
پێشتریش ترەمپ نیگەرانیی خۆی لە ئاستی هێواشی دانوستاندنەکانی ئاگربەست دەربڕیبوو و مانگی رابردوو رایگەیاند، لە هاوتا رووسییەکەی "تووڕەیە."
 
لەو کاتەوەی ترەمپ لە کانوونی دووەمەوە گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین لە رووسیا کردووە.
 
مانگی رابردوو رووسیا پێشنیازێکی ئەمریکای بۆ وەستاندنی بێ مەرجی جەنگی لە ئۆکراینا رەتکردەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

  عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران قسەی بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی کرد.

چوارشەممە شاندی تەکنیکی ئێران و ئەمریکا لە عومان کۆدەبنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، بە هۆشیارییەوە دانوستاندن لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەفتەی داهاتوو زیاتر بەرچاویان لەبارەی ئەنجامی دانوستاندنەکە روون دەبێت.