رووداو دیجیتاڵ
ترەمپ هەڕەشە لە زانکۆی هارڤارد دەکات و دەڵێت، ئەگەر ملکەچی فەرمانەکانی کۆشکی سپی نەبن، دەبێت وەک دامەزراوەیەکی سیاسیی باج بە حکومەت بدەن.
رۆژی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیەڵ نووسی، ئەگەر زانکۆی هارڤارد ملکەچی داواکارییەکان نەبێت و شێوازی بەڕێوەبردنی خۆی نەگۆڕێت، "نابێت لێخۆشبوونی باج بیگرێتەوە و دەبێت وەک دامەزراوەیەکی سیاسی باج بدات."
ترەمپ زانکۆی هارڤارد بەوە تۆمەتبار دەکات کە نەیتوانیوە رووبەڕووی هێرشی دژی جووەکان بێتەوە و لە رێگەی پرۆگرامی "هەمەچەشنی، یەکسانی و بەشداری" کە بە (DEI) ناسراوە، پەرە بە لایەنداری سیاسی دەدات.
ئیدارەی ترەمپ داوای لە زانکۆی هارڤارد کردووە کۆتایی بە پڕۆگرامی (DEI) بهێنێت، بەستنی ماسک لەنێو کەمپی زانکۆ قەدەخە بکات، چاکسازی لە شێوازی دامەزراندنی مامۆستایان و گۆڕانکاری لەشێوازی وەرگرتنی خوێندکاران بکات.
بەرپرسانی زانکۆکە رەتیدەکەنەوە ملکەچی داواکارییەکانی کۆشکی سپی بن و دەڵێن، داواکارییەکانی ئیدارەی ترەمپ مافە دەستوورییەکانی زانکۆ پێشێل دەکەن و دژی "ئازادی رادەربرین" و "ئازادی ئەکادیمی"ـن.
تۆمەتەکانی ئیدارەی ترەمپ لەوەوە سەرچاوە دەگرن کە لە بەهاری 2023 و سەرەتای 2024 خۆپێشاندان لە زانکۆی هارڤارد و ژمارەیەک زانکۆی دیکەی ئەمریکا روویدا و بەشێک لە خوێندکاران بەوە تۆمەتبار کران دروشمی دژی جووەکانیان گوتووەتەوە.
دوێنێ دووشەممە ترەمپ رەتیکردەوە رێگە بدات ئەو 2.2 ملیار دۆلارەی کە حکومەت وەکو پاڵپشتی بە زانکۆی هارڤاردی دەدات، خەرج بکرێت.
ترەمپ لە تۆڕی ترووس سۆشیەڵ ئاماژەی بەوەش کرد، وەرگرتنی باج لە زانکۆی هارڤارد "بەتەواوی پشتی بەستووە بە کارکردن لە بەرژەوەندی گشتیدا."
ئالان گاربەر، سەرۆکی زانکۆی هارڤارد رۆژی دووشەممە نامەیەکی بۆ خوێندکاران و ئەندامانی فاکەڵتی زانکۆکە نارد و تێیدا جەختی لەوە کردووە کە ئەوان "گفتوگۆ لەسەر سەربەخۆیی و مافە دەستوورییەکانی زانکۆ" ناکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ