نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی سوودانی و بلینکن

رووداو دیجیتاڵ
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێک سەبارەت بە کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکای بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هەردوولا جەخت لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات و چالاککردنی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی و لیژنەی باڵای هاوئاهەنگییان کردووەتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە لە رۆژی دووشەممە 15-4-2024 بڵاویکردەوە، هاتووە، کۆبوونەوەکە لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن دی سی کراوە و تێیدا تاووتوێی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کردووە؛ هەروەها دەرفەتدانی زیاتر بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە مەبەستی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاجیاکان لەنێویاندا وزە و برەودان بە پەیوەندی نێوان کەرتی تایبەتی ئەمریکا و هاوتا عێراقییەکەی بە جۆرێك کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بگەیێنێت.
 
راشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا، سوودانی ئاماژەی بە لێکتێگەیشتنی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات کرد لە چوارچێوەی رێكکەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی وەک بنەمایەک بۆ پەرەدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لە داهاتوودا.
 
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هاتووە، سوودانی هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە شەڕی غەززە، هەروەها روانگەی لە ئاست دوژمنکاریی خستەڕوو؛ جەختیشی لە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و یاسایی کردەوە لە بەرامبەر پاراستنی خەڵکی "سیڤیلی بێتاوان" و رێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکە و قوربانیبوونی زیاتری خەڵکی فەلەستین کردەوە.
 
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بلینکن بە گەرمی پێشوازی لە سوودانی و شاندی یاوەری کردووە و پاڵپشتی حکومەتی ئەمریکا لە هەڵوێستەکانی عێراق لە ناوچەکەی خستووەتەڕوو، جەختیشی لە پشتگیریکردنی ئەمریکا لە عێراقێکی بە‌هێز و دیموکراسی کردووەتەوە کە ببێتە پاڵپشتیکار بۆ سەقامگیری هەرێمی و نێودەوڵەتی؛ هەروەها پشتگیریکردنی لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بلینکن ئاماژەی بە هەڵوێستی واشنتن کردووە لە پشتگیریکردنی هەنگاوەکانی عێراق بەرەو پەرەدان و چاکسازی و رۆیشتن بەرەو وەبەرهێنان لە کەرتی گاز و بەرەوپێشبردنی کەرتی وزە و ژێرخانی عێراق، هیواشی خواستووە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا ببێتەهۆی پێکەوەکارکردنی زیاتری نێوان ئەمریکا و عێراق.