بلینکن: کۆبوونەوەیەکی نایابمان لەگەڵ سوودانی هەبوو
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بە "نایاب" ناودەبات و دەڵێت، چاومان لە کۆبوونەوەی سوودانییە لەگەڵ سەرۆک بایدن "لە کاتێکی نزیکدا."
لیژنەی باڵای هاوئاهەنگی نێوان عێراق و ئەمریکا رۆژی دووشەممە، 15ـی نیسانی 2024 لە واشنتن کۆبوونەوە.
ئەنتۆنی بلیکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتن دوای کۆبوونەوەکە گوتی: "کۆبوونەوەیەکی نایابمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران سوودانی هەبوو؛ هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ ئێمە دەیبینین نیشاندەرێکی گرنگی بەهای پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقن، کە پەیوەندییەکی 360 پلەییە و هەموو شتێک لەخۆدەگرێت و بەیەکەوە کۆماندەکاتەوە."
سوودانی لە ئەمریکا کۆمەڵێک سەردانی دیکەی بۆ شار و ویلایەتە جیاجیاکانی ئەمریکا دەبێت، بلینکن لەوبارەیەوە گوتی: "سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ هیوستن و دیترۆید ئاماژەیەکی دیکەی قووڵی و فراوانیی پەیوەندییەکانمانە، نەک تەنیا لەنێوان وڵاتەکانمان، بەڵکو لەنێوان گەلانی هەردوولا."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باس لەوەش دەکات، "چاومان لەوەیە هاوبەشیی نێوانمان فراوانتر بکەین، ئاسایشی وزە، دیموکراسی، سەروەریی یاسا و کەشوهەوا."
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر بانگهێشتی فەرمیی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و، بڕیارە ئەمڕۆش لە کۆشکی سپی لەگەڵ بایدن کۆببێتەوە.
بەپێی بڵاوکراوەی ئەجێندای شاندە عێراقییەکە، شاندە باڵاکەی عێراق کە لە 13ـی ئەم مانگە گەیشتنە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تاوەکو 19ـی نیسان لە ئەمریکا دەبن و دۆسیەی سیاسی، ئابووری، سەربازی و ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێ دەکەن.