لە سوودان مەترسیی کودەتا هەیە؛ شەڕ و پێکدادانی تووند لە پایتەختە


رووداو دیجیتاڵ

شەڕ و پێکدادانی تووند لە پایتەختی سوودان لە نێوان سوپای وڵاتەکە و هێزی پشتیوانیی خێرای نیمچە سەربازی روویدا و دەنگی تەقینەوە لە هەموو شوێنێکی پایتەختی ئەو وڵاتە دەبیسترێت و مەترسیی کودەتا هەیە. هێزی پشتیوانیی خێراش دەڵێت، فڕۆکەخانەی خەرتووم و کۆشکی کۆمارییان کۆنتڕۆڵکردووە. 

رۆژی شەممە، 15ـی نیسانی 2023، دەنگی تەقە و تەقینەوەی بەهێز لە نزیک ژمارەیەک بنکەی سوپای وڵاتەکە و وەزارەتی بەرگریی لە نێوەڕاستی خەرتوومی پایتەختی سوودان بیسترا و دووکەڵێکی گەورە لە ژمارەیەک باڵەخانەی شارەکە بەرزبووەوە. دەستبەجێ تەواوی پایتەخت کرایە سەربازگە و سەرباز بە هەموو کونجێکی شارەکەدا بڵاوکرانەوە. 
 
هێزەکانی پاڵپشتیی خێرا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزەکانیان "تووشی شۆک بوون، کاتێک رۆژی شەممە ژمارەیەکی زۆری سەربازانی سوپا" چوونەتە نێو کامپە سەربازییەکانیان لە خەرتووم و "هێزەکانمان گەمارۆدراون". 
 
لە وەڵامی ئەوەشدا، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا رایانگەیاند، دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەی خەرتووم و کۆشکی کۆماریی وڵاتەکەدا گرتووە. گوتیشی کە هێزەکانیان بەرگری لەخۆیان دەکەن لەبەرامبەر ئەو هێرشەی کراوەتە سەریان. 
 
نەبیل عەبدوڵلا، گوتەبێژی سوپای سوودان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە کە "هێزەکانی پشتیوانیی خێرا هێرشی ژمارەیەک بنکەی سەربازی لە خەرتووم و دەوروبەری سوودان کردووە و پێکدادانەکان بەردەوامن و سوپاش بە ئەرکی خۆی هەڵدەستێت بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان".  

 

 
میدیای نێوخۆی وڵاتەکەش دەڵێت، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای فەرمیی وڵاتەکە بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە و دەشڵێت، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە نزیک بنکە سەربازییەکانی هەردوولا دەبیسترێت. 
 
سوپای سوودان لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری لە دۆخی وڵاتەکە دەدات و دەڵێت، وڵاتەکە "لە خاڵێکی مەترسیداری مێژووییدایە". 
 
سەرهەڵدانی تووندوتیژی دوای چەند هەفتەیەک لە قووڵبوونەوەی گرژییەکانی نێوان عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی گشتیی سوپای وڵات و سەرۆکی دیفاکتۆی سوودان و محەممەد حەمدان دەگەلۆ، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی خێرا هات، لەسەر پلاندانان بۆ یەکخستنی هێزەکانی پشتیوانی خێرای نیمچە سەربازی لەگەڵ سوپای سەرەکیی وڵاتەکە.
 
مێژووی ناکۆکییەکان لە سوودان 
 
 
هێزی پشتیوانی خێرا لە ساڵی 2013 پێکهێنرا کە لە هێزە چەکدارەکانی جەنجاوید پێکدێت. عومەر بەشیری سەرۆکی ئەو کات، پێشتر ئەو هێزەی دژی پێکهاتە نەتەوەییەکان لە رۆژئاوای دارفۆر بەکارهێنابوو. دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان ساڵی 2009 بڕیاری دەستگیرکردنی بەشیری دەرکرد لە بەرامبەر "ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی" لە دارفۆر و دواتر تۆمەتی جینۆسایدیشی دایە پاڵ.
 
نیسانی 2019، دوای چوار مانگ لە خۆپیشاندانی سەرتاسەری دژی حکومەتەکەی، عومەر بەشیر لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە لە کارلادرا.
 
کانوونی یەکەمی 2019، عومەر بەشیر بە تۆمەتی گەندەڵی حوکمدرا و لەو کاتەشەوە لە بەرامبەر کودەتاکەی ساڵی 1989 دادگایی دەکرێت. کودەتاکە لە لایەن ئیسلامییەکانەوە پشتگیری کرا و لە ئەنجایدا عومەر بەشیر بووە سەرۆکی وڵات. 
 
سوودان لە ئابی 2019ـەوە لە لایەن ئیدارەیەکی راگوزەری تێکەڵ لە سەرکردەی سڤیل و سەربازییەوە بەڕێوەدەبرێت. ئیدارەکە بەڵێنیداوە کە دادپەروەری لە پێناو قوربانیانی ئەو تاوانانە بەدیبهێنێت کە لە ژێر فەرمانڕەوایی عومەر بەشیردا ئەنجامدرابوو. 
 
شەڕی دارفۆر ساڵی 2003 روویدا کاتێک کە یاخیبووە ناعەرەبەکان چەکیان هەڵگرت و ناڕەزاییان دژی چەوساندنەوەیان لە لایەن حکومەتە عەرەبییەکەی بەشیرەوە دەربڕی. 
 
خەرتووم بە بەکارهێنانی گرووپی چەکداری جەنجاوید کە لە چەکدارە دەشتەکییەکان پێکهێنرابوو، وەڵامی یاخیبووەکانی دایەوە. 
گرووپە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ لە زووەوە بەشیر و کاربەدەستەکانی تۆمەتبارکردووە بە ئەنجامدانی دەستدرێژیی سێکسی، کوشتن، تاڵانکردن و سووتاندنی گوندەکان.