لە هیندستان ملیۆنان کەس تووشی کەمیی خوێن بوون و بەبێ خزمەتگوزاریی تەندروستین

15-04-2023
لهۆن نەسرەدین
نەخۆشێک لە نەخۆشخانەیەکی هیندستان
نەخۆشێک لە نەخۆشخانەیەکی هیندستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هیندستان ملیۆنان کەس بەبێ خزمەتگوزاریی تەندروستین. ملیۆنان کەس تووشی نەخۆشیی کەمیی خوێن بوون، بەڵام پزیشک و پارەی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان نییە.
 
گیتا ئایام، پەرستارێکی هیندستانییە، دوای چەندین هەفتە دابڕان، سەردانی پوونامی تەمەن 20 ساڵ لە گوندێکی هەژار و دوورە دەستی ناوەڕاستی وڵاتەکە دەکات؛ پوونام نەخۆشیی کەمیی خوێنی هەیە، کە لە باوکییەوە بۆی ماوەتەوە و هەست بە ئازارێکی زۆر دەکات.
 
پوونام، هاووڵاتیی هیندستان دەڵێت، "بەبێ حەب ناتوانم بە پێ بڕۆم، ئازارم زۆرە".
 
ملیۆنان کەس لە هیندستان تووشی ئەو نەخۆشییە بوون؛ بەڵام نە هێندە پزیشک لە هیندستان هەن و نە حکومەتیش پارەی هەیە بۆ دابینکردن و گەیاندنی دەرمان.
 
لە هیندستان هەر 16 هەزار کەس یەک پزیشکیان بەردەکەوێت، لە کاتێكدا بەپێی ستانداردی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەبێت هەر هەزار کەس یەک پزیشکیان هەبێت.
 
کۆی بەرهەمی نەتەوەیی هیندستان زیاتر لە سێ تریلیۆن دۆلارە؛ لەو پارەیە کەمتر لە 90 ملیار دۆلار بۆ کەرتی تەندروستی تەرخان دەکات، لە وڵاتێك کە ژمارەی دانیشتووانی لە ملیارێك و 400 ملیۆن کەس تێپەڕیوە.
 
گیتا ئایام، پەرستار دەڵێت، "خەڵک پارەی کڕینی دەرمانی نییە، ئەوانەشیان کە پارەیان هەیە ناوچەکانیان دوورە دەستن و دەرمانیان تێدا نییە."
 
حکومەتی هیندستان بەڵێنی دابوو تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 پشکنین بۆ 10 ملیۆن کەس بکات کە نەخۆشیی کەمیی خوێنیان هەیە، بەڵام تاوەکو شوباتی ئەمساڵ پشکنینی بۆ کەمتر لە 200 هەزار کەس کردووە.
 
ئەوەش بەڵێنە گەورەکەی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی بەشی زۆری تووشبووان تاوەکو ساڵی 2047، دەخاتە بەردەم گومانی خەڵکەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە