زانایانی ژینگە هۆشداری لە زۆربوونی دیاردەی 'وشکەساڵیی لەپڕ' دەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

گۆڕانی کەشوهەوا رووداوی سرووشتیی خێرای لێ دەکەوێتەوە، لەوانەش جۆرە وشکەساڵییەک کە زانایانی ژینگە بە "وشکەساڵیی لەپڕ" ناوی دەبەن.
 
جەستن شیفێڵد، شارەزای ژینگە دەڵێت، "بەگشتی وا بیر دەکەینەوە کە وشکەساڵی دیاردەیەکە وردە وردە دروست دەبێت و چەند مانگێكی پێویستە تاوەکو بە ناوچەیەکدا بڵاودەبێتەوە، بەڵام ئێستا شتێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە، ئەویش وشکەساڵیی لەپڕە، کە بە خێرایی سەرهەڵدەدات و کاریگەریشی زیاترە."
 
هۆکاری سەرهەڵدانی "وشکەساڵیی لەپڕ" بۆ نەمانی باران و کەمیی کۆبوونەوەی ئاو لە ژێر زەوی و هەڵکشانی پلەی گەرما دەگەڕێتەوە کە شێی نێو خاک لەنێودەبات.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ساڵانە سەروو 13.7 ملیۆن هێکتار زەوی لە دارستانەوە دەبێتە بیابان؛ نیوەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوەیە؛
لەنێوان ساڵانی 1982 و 2022دا گۆڕانی کەشوهەوا یەک لەسەر سێی خاکی شیاوی کشتوکاڵی لەنێوبردووە و لەنێوچوونی خاک و لەدەستدانی پێکهاتە بەسوودەکانی 100 جار لە پڕۆسەی دروستبوونەوەی خێراتر بووە.
 
پیلی وو، شارەزای ژینگە ئاماژە بەوە دەکات، "ئەگەر وشکەساڵی لە سێ مانگدا دروست ببێت، ئەوا بەروبوومە کشتوکاڵییەکان خۆیان دەگونجێنن و بەرگەی دەگرن، بەڵام کە لەپڕ روودەدات، ئیدی ناتوانێت بەرگەی بگرێت."
 
ساڵانە وشکەساڵی کاریگەری دەکاتە سەر 55 ملیۆن کەس؛ پێشبینیش دەکرێت ئەو ژمارەیە ساڵانە 10% زیاد بکات.