بۆرێل: مانگەکانی داهاتوو بۆ شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا یەکلاکەرەوەن

15-03-2024
ساڵح قادر @salihqadr
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا هۆشداری دا، کە مانگەکانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن بۆ دیاریکردنی ئاڕاستەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا. داواشی لە هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی کیێڤ کرد، هاوکارییەکانیان بۆ ئۆکراینا زیاد بکەن.
 
جۆزێپ بۆرێل،  بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کە ئێستا بۆ سەردانێک لە ئەمریکایە، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە چاودێران پێشبینی هێرشێکی رووسیا بۆ سەر کیێڤ دەکەن لە هاوینی ئەم ساڵدا، ئۆکراینا ناتوانێت چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمریکا بکات. 
 
بەرپرسە باڵاکەی ئەوروپا، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک، ئاماژەی بەوەدا، هەر کارێک ئەگەر بەنیاز بێت لە بەرژەوەندیی کیێڤدا بکرێت، پێویستە پەلەی لێ بکرێت.
 
بۆرێل، کە شەوی چوارشەممە لە واشنتن لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە، هۆشداری دا لە "دەرەنجامی دڵتەزێن" ئەگەر لە شەڕەکەدا رووسیا بەسەر ئۆکراینادا سەر بکەوێت. گوتیشی: "ئەوکات دەسەڵاتێکی بەکرێگیراو لە ئۆکراینا دەبینین، هاوشێوەی ئەو دەسەڵاتەی کە ئێستا لە بێلاڕووس هەیە." 
 
رۆژی سێشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "پاکێجێکی فریاگوزاریی 300 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆکراینا دابین دەکەین." بەڵام هێشتا کۆنگرێسی ئەمریکا بڕیاری کۆتایی نەداوە.
 
ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەوروپا هەر لە دەستپێکی جەنگەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاند و بە چەک و پارە یارمەتییان داوە. لە شوباتی ئەم ساڵ، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، دەبێت وڵاتانی رۆژئاوا لەوە تێبگەن کە ناتوانن لە ئۆکراینا شکست بە رووسیا بهێنن.
 
رووسیا بەشێکی هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلایڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە؛ لە ساڵی 2014شەوە هەرێمی کریمیای لە ئۆکراینا لکاندووە بەخۆیەوە و بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندوویەتی. 
 
لە 24ـی شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا دەستپێکرد. 
 
ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەوروپا هەر لە دەستپێکی جەنگەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاند و بە چەک و پارە یارمەتییان داوە. 
 
لە شوباتی ئەم ساڵ، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، دەبێت وڵاتانی رۆژئاوا لەوە تێبگەن کە ناتوانن لە ئۆکراینا شکست بە رووسیا بهێنن.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لەو جەنگەدا زیاتر لە 10 هەزار سڤیلی ئۆکراینی کوژراون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە