رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پێشووی گەنجینەی ئەمریکا دەیەوێت لە رێگەی چەند وەبەرهێنەرێکەوە تیکتۆک بکڕێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 14-3-2024، ستیڤن منوشین، وەزیری پێشووی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، گرووپێک لە وەبەرهێنەران کۆدەکاتەوە تاوەکو تیکتۆک لە خاوەنە چینییەکانی بکڕێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 13-03-2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە 352 دەنگی 'بەڵێ' بەرامبەر بە 65 دەنگی 'نەخێر'، پڕۆژەیاسای قەدەخەکردنی تیکتۆکی پەسندکرد. منوشین پشتیوانێکی گەورەی پڕۆژەیاساکە بوو.
ستیڤن منوشین بە میدیای ئەمریکیی گوتووە: "پێموایە پڕۆژەیاساکە دەبێت پەسند بکرێت و تیکتۆکیش بفرۆشرێت".
منوشین کە لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا چوار ساڵ وەزیری گەنجینە بووە دەشڵێت: "تیکتۆک بزنسێکی گەورە بوو؛ منیش گرووپێک کۆدەکەمەوە بۆ کڕینی ئەپەکە".
وەزیری پێشووی گەنجینەی ئەمریکا گوتیشی: "دەبێت بزنسە ئەمریکییەکان خاوەندارێتیی تیکتۆک بکەن، چونکە چینییەکان بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەن کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە چین خاوەندارێتیی کۆمپانیایەکی لەم شێوەیە بکات".
هەر رۆژی پێنجشەممە بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیی چین رایگەیاند، دەبێت ئەمریکا "چەوساندنەوەی بێپاساوی کۆمپانیا بیانییەکان رابگرێت و، هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر و ماف و بەرژەوەندییە رەواکانیان بپارێزێت".
هەروەها جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاش پشتیوانیی پڕۆژەیاساکە دەکات و بەڵێنی داوە لە ئەگەری پەسندکردنی کۆتاییدا، واژۆی لەسەر بکات.
تیکتۆک تۆڕێكی کۆمەڵایەتییە و لە تشرینی یەکەمی 2016ـدا لەلایەن 'بایت دانس' گەورە کۆمپانیای چینیی بواری ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیا دروستکرا.
تیکتۆک یەکەمین ئەپی چینییە بەوشێوەیە بەربڵاوە بە جیهاندا بڵاوببێتەوە و لە کانوونی یەکەمی 2023ـدا، نرخی بایت دانس بە 268 ملیار دۆلار خەمڵێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ