وڵاتانی گرووپی حەوت هەڕەشەی سزادانی ئێران دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی گرووپی حەوت هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەکەن، ئەگەر ئەو وڵاتە مووشەکی بالیستی بۆ رووسیا بنێرێت بۆئەوەی دژی ئۆکراینا بەکاریانبێنێت.
رۆژی هەینی 15ی ئاداری 2024 وڵاتانی ئەندام لە گرووپی حەوت لە راگەیێندراوێکدا بڵاویان کردەوە، "داوای خۆمان لە لایەنی سێیەم دووپات دەکەینەوە کە دەستبەجێ واز لە پشتیوانیی مادی بۆ دەستدرێژیی نایاساییانە و ناڕەوای رووسیا دژی ئۆکراینا بێنێت یان رووبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە."
وڵاتانی ئەندام لە گرووپی حەوت بریتین لە ئەمریکا، ژاپۆن، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و کەنەدا.
رووسیا ئەندامی گرووپەکە بوو، بەڵام لە ئاداری 2014 دەرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی نیمچە دوورگەی کریمیای بەخۆیەوە لکاند.
لە راگەیێندراوەکەدا وڵاتانی گرووپی حەوت ئاماژەیان بەوەش کردووە کە "ئەگەر ئێران لە دابینکردنی مووشەکی بالیستی یان تەکنەلۆژیای پەیوەندیدار بە رووسیا بەردەوام بێت، ئەو کاتە ئامادەین بە خێرایی و بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ وەڵام بدەینەوە."
لای خۆیەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی خۆی لە بابەتی ناردنی مووشەکی بالیستی بۆ مۆسکۆ لەلایەن تارانەوە دەربڕی و گوتی، "نامەیەکی زۆر روونمان بۆ ئێران ناردووە کە ئەو کارە نەکات؛ پێم وایە نیگەرانییەکەمان و پابەندبوونمان پێیەوە ئەگەر پێویستی کرد، راستەقینە و بەهێز دەبێت."
هەروەها بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا گوتی، ئەگەر ئێران بڕیار بدات مووشەکی بالیستی بە رووسیا بفرۆشێت، زیانی فرۆشتنەکەی لە سوودەکانی بۆ تاران زیاتر دەبێت؛ گوتیشی، "گواستنەوەی مووشەکەکان هێشتا رووینەداوە، بەڵام مەترسییەکی راستەقینە هەیە رووبدات."
ئەو بەرپرسە ئەمریکیە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێک لەو بژارانەی وڵاتەکەی لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی وڵاتان گفتوگۆی لەبارەوە کردووە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکانە لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا.
نزیکەی 25 مانگە جەنگی رووسیا و ئۆکراینا بەردەوامە؛ تاران تۆمەتبار دەکرێت بە دابینکردنی درۆن بۆ مۆسکۆ بۆ ئەوەی دژی کیێڤ بەکاریان بێنێت.