ئەنجوومەنی ئەورووپا: دەبێت دەمیرتاش ئازاد بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئەورووپا دوای سێ رۆژ کۆبوونەوە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا، بە پێویستی زانی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە ئازاد بکرێت.
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئەورووپا رۆژی سێشەممە 12ی ئاداری 2024 لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا دەستیپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ هەینی 15-03-2024 بەردەوام بوو. ئەمڕۆش ئەنجامی کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە.
ئەنجوومەنی ئەورووپا داوای لە تورکیا کرد، هەرچی زووە سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر دەمیرتاش ئازادنەکرێت، مانگی حوزەیرانی 2024 کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکرێت و ئەوجارە هۆشداری بە تورکیا دەدرێت.
سەلاحەدین دەمیرتاش رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2016 بە تۆمەتی "تیرۆر" دەستگیر کرا و تاوەکو ئێستا لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانییە. ئەنجوومەنی ئەورووپا داوای لە ئەنقەرەش کرد، لە دۆسیەی عوسمان کاڤاڵادا دەست بە دیالۆگ بکات.
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئەورووپادا ئاماژە بەوە کراوە، پێشتریش دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەمیرتاش و کاڤاڵا دەرکردووە، بەڵام ئەنقەرە بڕیارەکەی جێبەجێ نەکردووە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا رۆژی 22ی کانوونی یەکەمی 2020 رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستەکراو نییە بۆئەوەی لە رێگەیەوە دەمیرتاش بە تاوانی تیرۆر سزا بدرێت و گوتی، بڕیاری هێشتنەوەی دەمیرتاش لە زیندان "پاڵنەری سیاسیی" لەپشتە.
ئەو کات دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای لە حکومەتی تورکیا کرد بە 60 هەزار یۆرۆ قەرەبووی مادی و مەعنەویی دەمیرتاش بکاتەوە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە 18ی تشرینی یەکەمی 2018ش داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد، بەڵام تورکیا پابەندی بڕیارەکە نەبووە.
بەپێی مادەی 46ـی رێککەوتننامەی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا پابەندکەرن بۆ وڵاتانی ئەندام کە تورکیا یەکێکیانە.
تورکیا 18ی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کرد و خستیە بڕگەی 90ی دەستووری وڵاتەکەیەوە. بەپێی ئەو واژۆیە، دەبێت ئەنقەرە بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بکات.
عوسمان کاڤاڵا، بازرگان و چالاکڤانی تورکە کە لە ساڵی 2017ـەوە بە ''تاوانی رۆڵگێڕان لە هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەمموزی 2016، ھاندان بۆ ئاژاوەگێڕی و دژایەتیکردنی دەسەڵات و سپۆنسەرکردنی خۆپێشاندەرانی رووداوەکانی پارکی گەزی'' لە ئیستەنبووڵ خرایە زیندانەوە.
کاڤاڵا لە 18ی شوباتی 2020 لە دۆسیەی پارکی گەزی بڕیاری بێتاوانی درا، بەڵام لە دۆسیەی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەمموزی 2016 بڕیاری زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا. ئەویش چەندینجار دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکردووە.