15ی ئادار.. نیوزیلاند بە 'رۆژێکی تاریک' ناویبرد، داوادەکرێت بکرێتە 'رۆژی جیهانی دژی ئیسلامۆفۆبیا'

15-03-2021
کۆشش بێستانسووری
نیشانەکردن نیوزیلاند مزگەوتی نوور مزگەوتی لینوود
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی 15ی ئاداری 2019 کە رۆژی هەینی بوو، وەکو هەموو هەینییەکی دیکە موسڵمانانی نیوزیلاند روویان لە مزگەوتەکان کرد بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی، بەڵام لە هەریەکە لە مزگەوتەکانی نوور و سەنتەری ئیسلامیی لینوود (مزگەوتی لینوود) رووداوێکی چاوەڕواننەکراو روویدا و چەکدارێک 51 نوێژخوێنی موسڵمانی کوشت.
 
جاسیندا ئەردێرن، سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاند ئەوکات ئەو رۆژەی بە "یەکێک لە تاریکترین رۆژەکانی نیوزیلاند" ناوبرد. ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕی و بەو بۆنەیەوە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە رێوڕەسمێکی رێکخست و تێیدا رزگاربووانی رووداوەکە، هاوڕێ و کەسوکاری کوژراوەکان قسەیان کرد و وەکو رێزێک بۆ قوربانییەکانیش خولەکێک بە بێدەنگی وەستان.
 
یەکێک لە رزگاربووەکان بەناوی تەمەل کە لەکاتی هێرشەکەدا لە مزگەوتی نوور نۆ گولـلەی پێوەنرا و لەکاتی قسەکردندا دەستی بە گریان کرد، باسی لەوە کرد، "کۆمەڵکوژییەکە بەهۆی رەگەزپەرستی و نەزانییەوە بوو"، هێرشەکەشی بە "هێرش بۆسەر هەموو مرۆڤایەتی" ناوبرد.
 
تەمەل لە رێوڕەسمی ساڵڕۆژی رووداوەکەی 15ی ئاداری 2019 لەکاتی قسەکردندا دەستی بە گریان کرد. وێنە: AFP/Kai Schwoerer
 
هاوکات سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاندیش لە رێورەسمەکەدا قسەی کرد و گوتی، "قسە زۆر گوتران، بەڵام قسەکان سەرەڕای ئەوەی [تاڕاددەیەک] هێزی ساڕێژکردنیان هەیە، هەرگیز ئەو راستییە ناگۆڕن کە ئەو رۆژە روویدا".
 
کیران مونیر کە لە هێرشەکەی 15ی ئاداری 2019 هاوژینەکەی بەناوی هاروون مەحموود کوژرا، گوتی، ئەو "خۆشەویستی ژیان و هاوڕێی گیانی بەگیانی"ی لەدەستداوە. بە گوتەی مونیر، هاروون مەحموود تازە ناسنامەی دکتۆرای بەدەستهێنابوو و چاوەڕێی رێوڕەسمی دەرچوونی دەکرد، ئەو رۆژەشی بە "تاریکترین رۆژی مێژووی نیوزیلاند" ناوبرد.
 
تورکیا داوادەکات رۆژی 15ی ئادار بکرێت بە "رۆژی جیهانیی رووبەڕووبوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا"
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە، "بەبۆنەی دووەم ساڵڕۆژی هێرشە تیرۆریستییەکەی کریستچەرچ"، داوادەکەن ئەو رۆژە وەکو "رۆژی جیهانیی رووبەڕووبوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا" بناسێندرێت.
 
لە راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە "تورکیا رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە رووبەڕووبوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا و نالێبوردەیی لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان و پاڵپشتیی ئەو هەوڵانە دەکات کە رێکخراوی هەماهەنگیی ئیسلامی بەم ئاراستەیە دەیانکات".
 
دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لیژنەی جێبەجێکاری رێکخراوی هەماهەنگیی ئیسلامی لە 22ی ئاداری 2019 لە ئیستەنبووڵ لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە، لە تشرینی دووەمی 2020 تورکیا رەشنووسێکی ئامادەکرد بۆ دیاریکردنی 15ی ئاداری هەموو ساڵێک وەکو "رۆژی جیهانیی رووبەڕووبوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا".
 
17ی ئاداری 2021 رێکخراوی هەماهەنگیی ئیسلامی لە نیویۆرک کۆدەبنەوە
 
پاکستان کە ئەندامێکی رێکخراوی هەماهەنگیی ئیسلامییە، پێشوازیی لەو هەوڵە دەکات بۆ ناساندنی ئەو رۆژە و رێکخراوەکەش بڕیاریداوە بە ناساندنی رۆژەکە وەکو "رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا".
 
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاندووە، رۆژی 17ی ئاداری 2021 گرووپی رێکخراوی هەماهەنگیی ئیسلامی لە نیویۆرک رێوڕەسمێک لەسەر ئاستی باڵای وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە بۆ ئەو مەبەستە رێکدەخات.
 
15ی ئاداری 2019 چی روویدا؟
 
رۆژی 15ی ئاداری 2019 کەسێکی بە رەچەڵەک ئوسترالی بەناوی برینتۆن تارانت بە چەکی پێشکەوتوو و بەشێوەی ئۆنلاین هێرشی کردە سەر دوو مزگەوتی کریستچەرچ و 51 موسڵمانی کوشت و دەیان موسڵمانی دیکەشی بریندارکرد.
 
مانگی ئابی ساڵی رابردوو، تارانت بە زیندانی هەتاهەتایی سزادرا، بەشێوەیەک کە ئازادکردنی کاتی یاخود کەفالەت نایگرێتەوە، ئەوەش یەکەمین کەیسی لەو شێوەیە بوو لە نیوزیلاند کە سزایەکی لەو شێوەی بەسەردا بسەپێندرێت.
 
تارانت جگە لەوەی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە رایگەیاندووە کە دژی ئەو سزایە نییە کە سەپێندراوە بەسەریدا و لە دادگەش لەکاتێکدا سزادرا بە زیندانی هەتاهەتایی، هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: دژی پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتانین

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە رووداوی گوت، پەکین دژی پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتان و بەکارهێنانی هێزە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "چین بەردەوام دەبێت لە پێشاندانی کاریگەریی خۆی و هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.