لە هیندستان بەشێک لە هیندۆسەکان میزی مانگا وەک دەرمانی دژەکۆرۆنا دەخۆنەوە

 
 
 
رووداو - هەولێر

بەشێک لە هیندۆسەکانی هیندستان لە دانیشتنێكی تایبەتدا وەک خۆیان پێی دەڵێن "ئاهەنگ"، میزی مانگا دەخۆنەوە. هۆکارەکەش رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە.
 
ئوم پراکاش، هیندۆسیییە و دەڵێت، "ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەویش بەکتریایە و میزی مانگاش لەبەرامبەر هەموو جۆرەکانی بەکتریا چالاکە. ئێمە بەردەوام میزی مانگامان بۆ پاککردنەوەی ماڵ و رۆح و جەستەکانمان بەکارهێناوە. من دڵنیام میزی مانگا ڤایرۆسی کۆرۆنا تێکدەشکێنێت".
 

ژمارەی دانیشتووانی هیندستان نزیکەی ملیارێک و 350 ملیۆن کەسە و هیندۆسەکان زیاتر لە 80%ی دانیشتووان پێکدەهێنن و زیاتر لە چوار هەزار ساڵە مانگا لەلای هیندۆسەکان پێگەیەکی بەرز و پیرۆزی هەیە.

هاری کومار، هیندۆسییەکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، "حکومەت ترسی لەنێو وڵاتدا دروستکردووە تاوەکو دەرمان بفرۆشن. مامۆستاکانی ئێمە بۆ سەدان ساڵ میزی مانگایان خواردووەتەوە تاوەکو هەمیشە تەندروست بن. ئەجیندای ئەم حکومەتە دروستکردنی ترسە".
 
تاوەکو ئێستا لە هیندستان نزیکەی 110 تووشبووی کۆرۆنا هەن و حەوت کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و لەبەرامبەردا 10 کەسی دیکە بە تەواوەتی چاکبوونەتەوە.