رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ ئان کلێر، راوێژکاری ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆبووەوە.
بافڵ تاڵەبانی، ئەمڕۆ شەممە، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە و جەخت لە پێویستی و گرنگی هاوئاهەنگی و گفتوگۆ لەنێوان هەموولایەک لەپێناو سەقامگیری ئەمنی و سیاسی لە ناوچەکەدا کرایەوە.
لە پۆستەکەدا هاتووە، بافڵ تاڵەبانی سوپاسی پشتیوانی و هاوکاری حکومەت و گەلی فەرەنسای لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش کرد.
سەرۆکی یەکێتیی بە راوێژکاری سەرۆکی فەرەنسای راگەیاندووە، فراوانکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگییە سەربازییەکان دەرفەتێکی باشە بۆ پاراستنی ئارامی و کۆنتڕۆڵکردنی جموجۆڵی پاشماوەکانی داعش و باسی لە نەهێشتنی بەربەستەکان لەبەردەم ئاڵنگارییە ئەمنییەکان کردووە.
رۆژی 14ـی شوبات کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا دەستیپێکرد و بەیانی 16ـی مانگ کۆتایی دێت. بافڵ تاڵەبانی یەکێکە لەو سەرکردانەی لە کۆنفرانسەکە بەشدارە.
سێ لەو پرسە سەرەکییانەی لە کۆنفرانسەکەدا تاوتوێ دەکرێن بریتین لە: ئاگربەست لە غەززە، وەستانی شەڕی نێوان رووسیا - ئۆکراینا و دۆخی سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ