نێچیرڤان بارزانی و سوودانی لە میونشن کۆبوونەوە


رووداو دیجیتاڵ 

زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میونشن کۆبوونەوە. 
 
سەرۆکی هەرێمی کورستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی ئاساییشی میونشن سەردانی ئەڵمانیایان کردووە. 
 
رۆژی 16 تاوەکو 18ـی شوباتی 2024، کۆنفرانسی ئاسایشی میوشن لە شاری میوشنی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت بە بەشداری زۆرینەی سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوروپا و جیهان، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە تاوتوێکردنی دۆخی غەززە و پەرەسەندنەکانی جەنگی ئیسرائیل و فەلەستین و کاریگەرییەکانی لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی ئەوروپا دەبێت.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی کۆنفرانسەکەدا، له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌ک له‌ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانى باڵاى وڵاتان، ديدار و كۆبوونه‌وه‌ى ده‌بێت. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لەباره‌ى دۆخى ئه‌منى و ئاڵنگارييه‌كانى به‌رده‌م ئاساييش و سه‌قامگيریی له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ و جيهان گفتوگيان له‌گه‌ڵدا ده‌كات."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر، هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ بوارى ئه‌منيدا، گرنگيى كارى پێكه‌وه‌يى و هه‌وڵدان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيریی له‌ عێراق و رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست و دوورخستنه‌وه‌يان له‌ ئاڵۆزى و پشێويى زياتر، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده و به‌رپرسانى‌ وڵاتان، تاوتوێ ده‌كات.
 
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هەموو ساڵێک لە پایتەختی هەرێمی باڤاریای فیدراڵیی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، ساڵانە زیاتر لە 450 بڕیاردەری باڵا و سەرکردە لە سەرانسەری جیهانەوە دەچنە میونشن.